ئەحلام مەنسور ژنە یاخیەکە لە سیستمی کۆمەڵایەتی

11/01/2021
فۆتۆ: 

سمکۆ محەمەد

 یاخیگەرێتی ئەو چەمکە فرەمانایەیە کە لەرووی ئایدیاییەوە گوناھێکە دژ بەموقەدەسی کۆمەڵگە و لەرووی ماتریالیشەوە وڵامدانەوەیەکە بەو دژانەی کە لەھەناوی خۆیدا ماناکانی خۆی بەرھەمدەھێنێتەوە. ئەمە رووە گشتیەکەیەتی، لەرووە تایبەتەکەشیەوە (نەفی) کردنی ھەموو ئەو پێوەرە ئەخلاقیانەیە کە یاخیبوونە لەخودی ترادیسۆن کە گشت کاری پێدەکات، یاخیگەرێتی لەدەرەوەی چەمک، حاڵەتێکە دەتوانین وەکو ئامرازێک بۆ دژایەتیکردنی سیستم بەکاری بھێنین، بەڵام لەشوێنێکی دیکەدا فۆڕمێکی تر وەردەگرێ و دەبێتە ئامانج، ئەم ناکۆکی و جیاوازییە رەنگە لەنێو دیوی ناوەوەی زۆر تاکی دیکەدا خۆی مەڵاسدابێت، بەتایبەتی تاکی کوردی کە ھیچ زەمانەتێکی کۆمەڵایەتی نییە بۆئەوەی بەقەناعەتەوە مومارەسەی ئەو شێوە بیرکردنەوەیە بکات کە ھەڵیبژاردووە. 

بۆیە ئەم پێشەکیەم بۆ قسەکردن لەسەر ئەحلام بەکارھێناوە، چونکە ناکرێ باسی یاخیگەرێتی بکەین و پێناسەیەک بەدەستەوە نەدەین، ھەروەھا ناکرێ ئەحلام وەکو ھەر کارێکتەرێکی چالاک و یاخی و ناباو وەرنەگرین، خۆ ئەگەر ئەو حاڵەتانە لەبەر چاونەگرین کە بەشێک بوون لەشێوەی بیرکردنەوەی ئەو، کە رەنگە ھەندێ جار بەبێ ئاگاھانەش ئینتیمای بۆ ئەو چەمکانە ھەبووبێت، بەھەر حاڵ من کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ نووسین و فەزای بیرکردنەوەی ئەحلام ھەڵمکرد و لەنزیکەوە ھەم چیرۆکەکانیم خوێندۆتەوە و ھەم نووسین و ھەم سەرپەرشتی نووسینەکانیم کردووە، لەو پرۆسەیەدا دوو کەسایەتیم ھەستپێکردووە لەدونیای ئەحلامدا، کەسایەتیەکی یاخی لەھەموو جۆرە موڵکیەتێک کە کۆمەڵگە و سیستمی سیاسی خوڵقاندوویەتی و کردوویەتی بەباو. 

کەسایەتیەکی دیکەی سوودگەرا بەئاڕاستەی کەڵک وەرگرتن لەو شتانەی کە لەرووی غەریزییەوە ئینسان دووچاری پارادۆکسێک دەکات لەنێوان حەزکردن موڵکیەت و رەتکردنەوەی لەپێناو فکر و شۆڕش بەسەر ترادیسیۆنی کلاسیکی کۆمەڵگە، رەنگە ھەردوو حاڵەتەکە بۆ ژنێک کە لەنێو جەنجاڵی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەرتەسکی بیرکردنەوەدا ژیان بگوزەرێنێ لەکوردستان، مافی خۆی بێت حەزەر بکات لەو رێَچکەیەی ھەڵیبژاردبوو کە دژی ھەموو رەوتەکانی دیکەی کۆمەڵگە بوو بیر لەمانەوە بکات، بۆ ئەمەش پێیوستی بەوە ھەبوو کە لەشوێنێکی دیکەدا وەکو کەسێکی پراگماتیکی خۆی نیشان بدات، تاکو بارەکەی ھێندەی تر قورس نەبێت، یان لانیکەم بتوانێ بەرگری لەو فەزای بیرکردنەوەیە بکات کە تایبەتە بەخۆی، لەروویەکی دیکەشەوە چاونەترسانە بوو لەبەرامبەر ئەو دڵڕەقییەی کۆمەڵگە بەرامبەر کەسی یاخی ھەیەتی.   
 
یاخیبوون لەخێزانەوە بۆ تاکگەرایی 

دەرچوون لەخێزان و بەتەنھا ژیان، کارێکی ھێندە ئەستەمە بۆ تاکێک لەگەڵ کۆمەڵگەیەکدا بژی کە مانای مافی تاکێتی بەئینسان رەوا نابینێ، تائەو رادەیەی کە نەفرەتی بەدواوەیە، نەفرەت لەخێزانەوە بگرە تادەگاتە نەفرەتی کۆمەڵگە و ئاین و ترادیسیۆنێک کە لەجیاتی بەھای ئینسانی، ئەخلاقێکی درووستکراو دەکاتە پێوەر بۆ تاکێکی قایل و ملکەچ بەژیانی نەریتگەرایی، نەفرەتێک کە بێشومار ژنی کوردی کردووە بەقوربانی ترادیسۆن و پێوەرە ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە بۆ خێزان، ئەوەی ئەحلام مەنسوری خستبووە ئەو چوارچێوەیەوە، ئەو یاخیگەرێتیە بوو کە لەرەتکردنەوەی خێزانەوە دەستپێکرد، ئیدی خێزانی یەکەم کە باوک و دیاک و برا و خوشک بوو، خێزانی دووەم کە ھەڵبژاردنی ژیانی ھاوسەری بوو لەگەڵ (شەوقی کەریم) چیرۆکنووسی بەناوبانگی عێڕاقی، ئەمەیە کە لەسەرەتاوە باسم کرد وەکو ئامرازێک بۆ ھەڵبژاردنی شێوە ژیان یاخی بوو، ئەمە بۆ ئەو سەرەتایەک بوو بۆ خۆ بارھێنان لەرەتکردنەوەی پێوەرەکان و ھەموو جۆرەکانی ترادیسۆنی کۆمەڵایەتی و ئاین، بەتایبەتی بۆ تاکی مێینە کە دژوارە ژیانی تەنھایی ھەڵبژێرێت و دوور لەھەموو کەسە نزیکەکانی بزر نەبێ لەشارێکی گەورەی وەکو بەغدا. 

ھەڵبژاردن ژیانی تاکێتی شکاندنی سنوورێکی واقیعییە کە حوکمی خێرایی و خاوی لێکترازان لەھەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەکو مەحاڵێک دەخاتە بەردەم تاک، ئەمە تاڕادەیەک جورئەتی دەوێ، چونکە رەتکردنەوەی خێزان، بۆ ئافرەتێک جگە لەئەدەبەکەی بیروباوەڕیشی پێشکەوتوخوازانە بوو، بۆیە تەنھا جێھێشتنی چەند کەسێکی نزیک و چواردیواری ماڵێک نەبوو، بەقەد ئەوەی جێھێشتنی دونیایەک بوو کە تێیدا کۆمەڵێک یادەوەری لەگەڵ خۆی ھەڵگرتووە و کۆمەڵێک یادەوەریش پووچەڵ دەکاتەوە کە لەئایندەدا دەبوو تۆمار بکرێت، بۆ ئەحلام مەنسور ئەمە پنتی یەکەمی ھەنگاونان بوو بەرەو رێگایەکی پڕ مەترسی و دژوار، رێگایەک کە جگە لەمەترسی قەبوڵ نەکردنی لەلایەن کۆمەڵگەوە، تاقەبوڵ نەکردنی لەلایەنی سیاسی و فکریشەوە، ھەروەھا رەتکردنەوەی ئەو حەزو ئارەزووانەی کە ھەر ئینسانێک خاوەندارێتی دەکات و بریتییە لەئیحساس و غەریزەیەکی سرووشتی، بەڵام پاڵنەری ئەو ھەڵبژاردنە تەنھا وەڕس بوون نەبووە لەدەورو پشت، بەقەد وەڕس بوونێک بوو کە لۆژیکێکی لەپشتەوە بوو، یان ئەوەی پرنسیپێکی فکری لەپشتەوە بوو، بۆیە توانی بەرگری بکات و تاکو دوا وێستگەی ژیانی بەئەزموونەکانیشیەوە کە پڕ بوون لەشکست بەردەوام بوو و پەشیمان نەبووەوە، بەو پێیەی ئەزموونی واقیعی لەگۆڕانکاریەکانی ژیانی ئەحلام، ھیچ گۆڕانکارییەکی نەخوڵقاند لە کەسایەتی و نیشاندانی دیمەنی پەرچەکردار لەچەشنی نەخۆشێکی دەروونی. 

ھەندێکجار دەبینین کەسایەتییەک لەدوا ساتەکانی تەمەنی پەشیمان دەبێتەوە لەبیروڕاکانی، ئەحلام بەپێچەوانەوە لەو سکەیە لاینەدا کە گرتبویە بەر. بەڵام ئەحلام قوربانییەک بوو کە شوێنەواری سەدەھا ژنی لەجەستەی خۆی ھەڵگرتبوو بەدەروونێکی گەورەوە، ئەو پێی وابو راستە کۆمەڵگە دڵڕەقە و بکوژە، بکوژیش ژیانی تاکەکان لەناو دەبات، بەڵام ناتوانێت واقیعی بوونی ئەو تاکە ناباوانە لەناو بەرێت کە بوون بە بەشێک لەیادەوەری و مێژووی کۆمەڵگەیەک. بەتەنیایی ژیان و کارکردن لەمەحفەلێک کە بەشی زۆریان نێرینە بوون، نەترسی لەبەکارھێنانی موفرەدەی قورس بەرامبەر موقەدەساتی کۆمەڵگە و ھەڵبژاردنی فەزایەکی پڕ لەئازادی، تا دەگاتە ھاندانی گەنجانی کوڕ و کچ کە مومارەسەی ئازادی خۆیان بکەن و ھۆشیار بن، ھەموو ئەمانە ئەو کارێکتەرەیان درووستکرد کە ناوی ئەحلام مەنسور بوو.   

یاخیگەرێتی لە نووسین 

نووسین لەگەڵ ئەوەدا کە بەرپرسیارێتیە ھەم لەرووی مەعریفییەوە و ھەمیش لەڕووی ویژدانیەوە، بۆخۆی بەشێکیشە لەیاخیگەرێتی، ئەوەی کە ئەحلام لەگەڵ نووسەر و ھونەرمەندە مێینەکانی دیکەدا جودا دەکاتەوە، ئەو گوتارە راستەوخۆیە بوو کە لەپشت تێکستەکانییەوە راوەستابوون بەبێ پەردە و بەشەفافانە قسەی لەسەر ئازادبوونی ژن دەکرد، رەخنەی لەژیانی بەکاڵاکردنی ژن دەکرد لەکۆمەڵگەی کوردەواری، ئەو لەکۆمەڵە چیرۆکی (پرد) ەوە کە لەسەرەتای ھەشتاکان بڵاوی کردەوە، پنتی دەستپێکردنی یاخیگەرێتی راگەیاند بوو لەنووسین بەبێ ئەوەی لەرووی فکریەوە ھیچ پشتگیرییەک لەتیۆرە فکریەکان وەربگرێت، بەبێ ئەوەی ھیچکام لەو ژنە ناسراوانە بناسێ کە لەدونیای ئەدەبی جیھانیدا سیمبوڵی ئەم بیرۆکەیە بوون، جگە لە سیمۆن دی بۆڤارا و فاتیمە مەرنیسی و ئەحلام مستەغانمی و ھتد، بەڵام چاونەترسانە و راشکاوانە ئەو دیوە شاراوانەی باس دەکرد کە ژنی رۆژھەڵاتی و بەتایبەتیش ژنی کوردی تێدا زیندانی کرابوو. بۆیەش قسە لەسەر مەسەلەی ژن دەکەم لەلای ئەحلام، چونکە ئەو پێی وابوو کەلێنێکی گەورە لەبزووتنەوەی نوێخوازی ئەدەب و پێشکەوتنی کوردیدا ھەیە بەبێ رزگاربوونی خودی ژنان لەو مەعزەلە بەشەرییە، بەبێ سنوور شکاندنی کۆمەڵایەتی و بەشداریکردنی راستەوخۆی ژن لەسیاسەتدا، ئەو کەلێنە پڕ نابێتەوە.  

جیاوازی بیرکردنەوەی ئەحلام لەگەڵ نوسەر و چیرۆکنووسە ژنەکانی دیکەی کورد کە ھاوزەمانی ئەو بابەتەیان دەنووسی و بڵاویان دەکردەوە یان ناسراوبوون لەدونیای ئەدەب و ھونەری کوردی، ئەوەبوو کە ئەو لەپەنا نووسینەوەی ژیانی کورد لەنێو جەنجاڵی نەریتێکی دواکەوتوانەی بێ مافیدا، ھەروەھا تێکەڵکێشکردنی لەگەڵ فەنتازیای ئەدەبیدا، ئامانجی نووسینەکەی دیاربوو کە شێوە ھاندانێکی ژنان بوو دژ بەو ترادسیۆنەی کە تەگەرەیە لەبەردەم ئازادی یە ھەمەلایەنەکانی ژنان، گوتاری پشت تێکستەکانی ئەحلام، لەگەڵ ئەوەدا ئاشکرا بوون کە ھۆشیاری ھەمەلایەنە و ئاگاھی پێوەدیار بوو، ھەروەھا بەبێ نووسینەوەی ھیچ بەیانێک مانیفێستێکی راستەوخۆش بوو بۆ ئازادبوونی ژن لەکۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت پەراوێزخستنی ژنان لەفەزای سیاسیدا، خۆی بەپێشەنگی ئەو بزووتنەوەیە دەزانێ، بەڵام بەھۆی شازبوونیەوە کەسێک نەبوو کۆمەک بەو فکرە بکات و بەھەمان ستایلی ئەو ژیان بکات، زۆر لەخەمی ئەوەدا بوو کە کۆمەڵگە ھەمیشە لەپاشەکشەدایە. 
 
ئەحلام لەرۆمانی (ئەڵوەن) دا ھەموو یاڵەوانەکانی یاخی کردبوو لەو فەزا داخراوەی کە ژیانی لۆکاڵی فەرزی کردبوو بەسەر ئیسناندا. ھەموو ئەو بیرۆکانەشی کەواقیعی بوون، لەو کەساییەتیانە وەرگرتبوو کە بەشێک بوون لەئیدیۆمە کۆمەڵایەتیەکان و ئەو لەزاری دایکی یان باوکی یان کەسە نزیکەکانیەوە بیستبووی یان وەریگرتبوو. ئەوەش کە بەچاوی خۆی بینیبووی، راستەوخۆ ئەو رۆڵەی پێبەخشیبوون لەرۆمانەکەیدا، سەرباری ھەموو ئەوانەش کە دەتوانین وەکو شێوە کارێکی سۆسیۆلۆژییەک تەماشای بکەین، ئەدیبێک یان رەخنەگرێک یان خوێنەرێکی بەسەلیقە نەبوو خوێندنەوە بۆ ئەو ستایلە بکات کە سکێچی ژیانی کۆمەڵایەتی کوردی بوو. مەبەستم لەوەیە کە ئەحلام لەبری ئەوەی ئیدیۆمەکان بنووسێتەوە، کەڵکی لەفەزا و کارەکتەرەکان وەرگرتبوو بۆ پالەوانی رۆمانەکانی. 

گوتاری یاخیگەرێتی کلاسیکیانە...  

سەدەی نۆزدە بۆ رۆشنبیری کوردی، سەدەی کاریگەری ئەو چەمکە ئەدەبی و سیاسیانە بوو کە لەرۆژئاواوە دزەیان دەکردە نێو ئەدەبیات و نووسینی کوردیەوە، بەتایبەتیش ئەو چەمکە ئەدەبی و فکریانەی کە لەفەرنساوە دەھاتن، بەو پێیەی کە پاریس بەرھەمھێنەری ئەو چەمکانە بوو کە پەیوەندیان بەمرۆناسیەوە ھەبوو، ئەحلام مەنسور دوای ئەو ھەموو رێگرییەی بۆ تەواو کردنی خوێندن، زانکۆی بەغدا تەواو کرد، لەناوەڕاستی ھەشتاکان بەمەبەستی خوێندن لەبواری ئەکادیمیا دەچێتە فەرانسەو لەوێ لانیکەم بەرۆشنبیری ئەو سەردەمەی رۆژائاوایی ئاشنا دەبێت، ھەڵبەت بۆ ئەو سارتەر و سیمۆن دی بوڤارا، نموونەیەکی بەردەست بوو بۆئەوەی بتوانێ قسە لەسەر یاخیگەرێتی بکات لەنووسیندا، بۆیە کاریگەرێتی فکری سارتەر و سیمۆنی زۆر لەسەرەوە بوو، بەتایبەتیش فکری فێمێنیزم کە ئەو بەبێ باگراوندێکی تەواو فکریانە، مومارەسەی دەکرد و خۆی بەپێشەنگی ئەو فکرە دەزانی، لەلای ئەو پێوەرێک ھەبوو کە ئینسان نابێ راستگۆنەبێ لەگەڵ خۆیدا، تەنانەت لەنێو تێکستەکانیشیدا مەرج بوو رەنگبداتەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ھونەری نووسین و ئیستاتیکا و گوتاری ناراستەوخۆ، بۆیە زۆرجار دەکەوتە بەر رەخنەی ئەوەی کە لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیادا دەونوسێ، بۆیە نەیتوانیوە ئەو دەقە بشکێنێ و ئینتیما بۆ بزووتنەوەی نوێگەرێتی بکات کە ستایلێکی نوێی رۆماننوسی بەرھەمھێنابوو، بەڵام ئەو پێی وابوو ئەمە مانای یاخیگەرێتییە و دەبێ تێکست مانای خوی زوو بدات بەدەستەوە و بەرھەمیش ھەر ئەوە ماناکەیەتی، ھەر بۆیە وەڵامی ئەو رەخنە نوێگەرییەی پێنەبوو کە لەنێو دونیای مۆدیرنی ئەدەبیاتدا بەرھەمھاتووە و فەزای نووسینی گۆڕیوە.

پاڵەوانی چیرۆکەکانی ئەو بەرادەیەک بەرجەستە بوون و واقیعی بوون کە لەگفتوگۆی رۆژانەدا ئاشکرای دەکردن، تائەو رادەیەی تەماشاکردنی بۆ زەمەن و کاتیش واقیعیانە بوو، نەک ئەوەی خەیاڵێک بێت بۆ ئەو پاڵەوانەی کەئەو گەرەکیەتی گەمەی پێبکات و رۆڵی پێبدات تاکو فەزایەک بخوڵقێنێ لەخەیاڵدانی خوێنەردا، ئەو قەناعەتەشی نەبوو پاڵەوانەکانی بکات بەکۆیلەی تێکستەکانی، ھەربۆیە ھەمیشە پاڵەوانەکانی ئازاد و براوە چاونەترس بوون، تەنانەت لەموناقەشە و گێڕانەوە دەربارەی ئیدیۆمی زێدی خۆشی کە خانەقین بوو، ھەمان ئەو پاڵەوانانەی باس دەکرد کە لەخەیاڵیدا بوون بیکات بەپاڵەوانی چیرۆکەکانی، (تاوسە) ئەو ژنە یاخییە بوو کە ھەمیشە باسی دەکرد و گوایە بەمنداڵی بینیویەتی، ئەم ژنە پێشتر لەخانەقین بووە و بەھۆی بێکەسییەوە ھاموشۆی نێوان خانەقین و کرماشانی کردووە و خەنە و کەرەستەی جوانکاری ژنانی ھێناوە و دەیان جار رووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، لەحاڵێکدا ئەم پاڵەوانە لەگەڵ پیاوان کاری قاچاخچێتی کردووە، بەوپێیەش بێت کەسێکی لەرادەبەدەر یاخیی بووە لەترادیسیۆن، بۆیە ئەحلام زۆر سەرسام بوو بەو یاخێتیە و کردبوی بەپاڵەوانی نموونەیی خۆی. بیانووشی بۆ ئەمە ئەوەبوو کە شانۆکانی سارتەر و نوسینەکانی سیمۆن، ھەمان پاڵەوانی واقیعیان ھەیە، بۆیە ئەمیش بەھەمان ستایل کاری دەکرد. 

ئەحلام ھێندە سەرسام بوو بەو ژنانەی کە توانیبویان بەبێ پیاو بژین و نموونەکەشی تاوسە بوو، دوای ماوەیەکی دوور و درێژی ژیانی تەنھایی لەبەغدا و شەوانی سینەمای سەمیرامیس و رەشید و شارع موتەنەبی و چایخانەی پارلەمانی بەغدا کە بەشێکی زور لەنووسەر و ئەدیب و سینەماکار و شێوەکار و شانۆکار و ھتد لەوی کۆدەبوونەوە، ئەحلام وەکو پیاوان سەردانی ئەوێی دەکرد و لەقسەی خەڵک نەدەترسا، بۆیە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ چیرۆکنووسی بەڕەگەز عەرەب (شەوقی کەریم) ھاوسەرگیری دەکات، بەڵام دیارە شەوقی ھەرسی ئەو ژیانە ناکات کە ئەحلام بۆخۆی ھەڵبژاردووە و توشی کێشە دەبن، بەڵام بەھۆی کێشەیەکی سیاسیەوە (شەوقی کەریم) دەکەوێتە زیندانەوە، ئەحلام بەناچار دەچێتە لەزیندان و لەوێ جودا دەبێتەوە لە ھاوسەرەکەی و ھیچ یەکێک لەو مافانەشی گەرەک نابێ کە ژنان قەبوڵیانە. 

یاخیگەرێتی ئەحلام لەرۆژنامەگەریدا

ئەوەی کە نووسینی ئەحلامی لەنووسینی ژنانی چالاک لەبورای مەسەلەی ژناندا جودا دەکردەوە، دەست بردنی بوو بۆ شتە تابۆ و حەرامەکان، نموونەش قسە کردنی راشکاوانە و بێ پەردانە بو بەرامبەر خەتەکردنی ژنان و مەسەلەی سێکس بوو کەئەو بڕوای نەبوو ژن ئەو کائینەیە دەبێ غەریزەی پیاوان دامرکێنێتەوە، ئەم گوتارە راستوخۆیە کارێکی کردبوو کە ھەندێ جار پیاوانی ئاینی قەڵس دەکرد و دواجاریش ساڵی ٢٠١٠ بوو کە لەسەر بابەتێکی ئەحلام مەلایەکی ئاینی گوتاری نوێژی ھەینی لەسەر نووسینێکی ئەو تەرخان کردبوو و کێشەی لەسەر درووستبوو.

سەرەتای ساڵی ٢٠٠١ بوو ئەحلام مەنسور لەبەغداوە ھاتە سلێمانی، لەڕێگەی برادەرانی ھەفتەنامەی ھاوڵاتی یەوە ھاتە رۆژنامەکە و وەکو ئەندامی دەستەی نووسەران دەست بەکاربوو، ئەو دیسان بەرمەبنای ئەوەبوو کە ھاوڵاتی ھەڵبژارد، چونکە ئەو رۆژنامەیە بڕێکی زۆر ئازادی نووسینی تێدابوو، ھەروەھا یاخی بوو لەو سیاسەتە باوەی کە لەکوردستاتن ھەبوو، ئیدی بەوپێیەی کە یەکێک بوو لەتایبەتمەندیەکانی نووسینی خۆی، مەلەفی ژنانی وەرگرت، زۆر بەجورئەتەوە دەینووسی، تائەو رادەیەی کە ھەندێ جار بەناچار لەترسی فشاری ترادیسیۆنی کۆمەڵاتی و ئاین و ھتد، دەستکاری نووسینەکەیمان دەکرد یان پێمان دەگوت خۆی دەستکاری بکات. ئەمە جگەلەوەی کە ھەر رۆژنامە یان گۆڤار یان رادیۆ یان تەلەفزیۆنێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سازدەکرد، ئەو بەبێ پەردە قسەی دەکرد لەسەر چەوساندنەوەی ژنان و یەکەم مەسەلەی پەردەی کچێنی بوو کە پێی وابوو ھیچ مانایەک نییە وەکو پێوەر وەربگیرێ و بکرێ بەپێوەری ئەخلاقی تاک.   
  
ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەحلام بەمەبەستی خزمەت کردن بەرەوتی رۆژنامەگەری کوردی، ھەر گۆڤار یان رۆژنامەیەک داوای نووسینی لێبکردایە، بەھەمان ستایل بۆی دەنووسین و قسەی خۆی ھەبوو، تائەو رادەیەی کە نووسینی ئەحلام دەناسرێتەوە کەنە فلتەری ھەیە و نەسانسۆڕ. بۆیە لەنێو ئەو بڵاوکراوانەدا جێگەی نەدەبووە وە کە ھێڵی سوریان ھەیە لەرووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە. بۆ ئەمەش باجی خۆی دەدا کە بریتی بو لەدوور خستنەوەی لەچەند رۆژنامەیەک، بەڵام بەداخەوە فریای ئەوە نەکەوت ئەم یادەوەریانە بنووسێتەوە و من ناچار بکات بینووسمەوە.