کتێبی «ئایدۆلۆژیست»ی بەختیار عەلی دووبارە چاپ دەکرێتەوە

13/01/2021
فۆتۆ: 

لەلایەن ناوەندى ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە بڵاودەکرێتەوە

بەمزوانە چاپی دووەمی کتێبی «ئایدۆلۆژیست»ی بەختیار عەلی لەلایەن ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەندەوە بڵاو دەکرێتەوە .

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی سروشتی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە خۆرهەڵاتدا دەست پێدەکەن. دوای ئەو هەرەسە، بەریەککەوتنی توندی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامی، ئیدی بەریەککەوتنێکی ئاسایی نییە، دووبارەبوونەوەیەکی سادەی جەنگە مێژووییە دێرینەکان نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕادیکالە کە خۆرهەڵات لەگەڵ پرسی دواکەوتن و لە جێمانی شارستانی خۆیدا ڕووبەڕوو دەکاتەوە. لەو ساتەدا کە دوا ئیمپراتۆرییەتی دینی کۆتایی دێت، ئەم هەرەسە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕینیسانسێکی زانستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ڕینیسانسێک کە هیچ کات نە دەست پێدەکات و نە بناغەی سەرەتایی بۆ دروستدەبێت.

لە ساتێکدا کە عەقڵییەتی زانستی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی عەقڵییەتی غەیبانی دێرین، بۆشاییەکی قووڵ دەخولقێت، بۆشایی نەمانی مەرجەعێک تاکەکان وەک سەرچاوەی خودسازیی سەیریبکەن. تەنیا ئایدۆلۆژیا دەتوانێت دەمی ئەو دەلاقەیە دابخات و چاڵی قووڵی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. بەڵام ئایدۆلۆژیا دەستکردی بکەرێکی ئینسانییە، دەستکردی جۆرێک سوبێکتە کە لە ناو ئایدۆلۆژیا و لەگەڵ ئایدۆلۆژیا خۆیدا دروستدەبێت، ئەو بکەرە کەس نییە جگە لە فیگەرێکی مێژوویی کە نوسەر بە «ئایدۆلۆژیست» ناویدەبات، فیگەرێک تارماییەکەی بەسەر تەواوی سەدەی بیستدا باڵدەکێشێت و عەقڵییەت و مۆراڵی دەبێتە بناغەی ئەو عەقڵییەت و مۆراڵەی ئەمڕۆ ئێمە لە ناویدا دەژین.

ئەم کتێبە هەوڵێکی نزیکبوونەوەیە لە ڕیشە دێرینەکانی ئێستا، لە پشکنینی ئەو هۆیانەی لە پشت سەرهەڵدان و بەهێزبوون و مانەوەی دڕندەیی سیاسی و دواکەوتنی مەعریفی ئێمەوەن، بەخوێندنەوەی هۆکانی سەرهەڵدان و میکانیزمەکانی ئیشکردنی ئەو بکەرە نادیار و ترسناکەی لە ژێر زۆر دەمامکدا خۆی شاردۆتەوە: "ئایدۆلۆژیست".