هەڵمەتی ڕەشبگیری لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

13/01/2021
هەڵمەتی رەشبگیری لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
روژهەڵاتی کوردستان

لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم شەش هاوڵاتیی دیکە لە شارەکانی نەغەدە، بۆکان، مەهاباد و مەریوان دەستبەسەرکران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی١ی٢٠٢١، ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەک بەناوی عەبدوڵڵا حاجی ئەحمەدی، و ناوبراو و دوو ئەندامی دیکەی ئەو بنەماڵەیان بەناوی پەیمان حاجی ئەحمەدی (کوڕی عەبدوڵڵا) و گەلاوێژ عەبدوڵڵاهی (دەزگیرانی پەیمان)، دەستگیرکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ هاوڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە .

ئەوەشی خستووتەڕوو، هەر ئەمڕۆ، گەنجێکی دیکەی خەڵکی شارۆچکەی نێ-ی سەر بە شاری مەریوان، بە ناوی عادڵ پەروازە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە .

ئاشکراشیکردووە، ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، هاوڵاتیەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی حسێن گەردشی و هاوڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی حەسەن عەبدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان نادیارە .

تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە و میدیاکانی ئێرانیش هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا لانیکەم ٢٩ هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، ڕەبەت، نەغەدە، مەریوان، سەوڵاوا، سنە و کەرەج لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.