پەروەردە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لەناو پۆل بخوێنێت یان لەڕێگەی خوێندنی ئەلکترۆنی

13/01/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە دەرکردنی بڕیارێکی نوێ، بەخێوکار سەرپشک دەکات لەوەی کە قوتابیەکەی لەناو پۆل بخوێنێت یان لەڕێگەی خوێندنی ئەلکترۆنی.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بڕیاریانداوە بە:

١رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.

٢ -پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت. رۆژ و کاتی  تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بلاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.

٣-لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەوکاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە ، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە.

٤-لە رۆژی شەممە ١٦ ی ١  تا ماوەی یەک هەفتە ، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران ، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە  و لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێتەوە ، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.

٥-رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێت و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوام بوونی خوێندنە ، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن ، کە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووە، هەماهەنگی دەکەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەکە.

٦-لەڕووی پرەنسیپەوە ، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی  وپەیمانگاکان ، حکومی و ناحکومی ،  کە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١  دەستپێبکات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.