عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ چەند وڵاتێک راگرت

13/01/2021
عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ چەند وڵاتێک راگرت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
بەغدا

عێراق، گەشتکردنى هاوڵاتیانى بۆ ١٩ وڵات راگرت، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا لە گرنگترین ئەو وڵاتانەن کە لە لیستەکەدان.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی و لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا، قەدەغەی گەشت بۆ (19) وڵات راگەیەندراوە، کە بریتین لە وڵاتانی (بەریتانیا، نەمسا، بەلجیکا، دانیمارک، فنلەندا، فەڕەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیرلەندا، لۆکسمبۆرگ، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، بەرازیل، ئەمریکا، هندستان، ئوسترالیا، ژاپۆن، باشوری ئەفەریقا، زامبیا) جگە لە گەڕانەوەی هاوڵاتیانی عێراقی لەو وڵاتانەی ئاماژەیان پێکراوە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوڵاتیانی عێراقی لەکاتی گەڕانەوەیان لەو وڵاتە دەبێت بۆ ماوەی (14) رۆژ کەرەنتین بکرێن و پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت.

هەر لە کۆبونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر پابەندبونی سەرجەم قوتابخانەکان بە یەک رۆژی دەوامکردن لە هەفتەیەکدا.