نووسەری درامای (بەختەباران) لە دراماکە ڕازی نییە!

14/01/2021
فۆتۆ: 

ئەحمەد ڕەزا تایبەت بە ژیان: درامای(بەختەباران) بەھەدەردان و شێواندنی ڕەنج و ماندووبوونی من بوو.

سازدانی: داستان

ئەحمەد ڕەزا یەکێکە لەو نووسەرە کوردانەی لە چەند بوارێکی جیاوازدا دەنووسێت، ئەو شیعری ھەیە، ھەروەھا لێکۆلینەوەی ئەدەبی و ھاوکات کاری وەرگێڕانیش، لەگەڵ ئەوانەشدا کاری نووسینی دراما دەکات، لەوانە دراما (ئاریا) لە دەرھێنانی ھونەرمەندی عەرەب (ھادی مەھد) و درامای (شەڕەنگێز) لە دەرھێنانی ھونەرمەندی کورد (مۆفەق عارف لھۆنی) و نوێترین بەرھەمی پەخشکراویشی درامای (بەختە باران)ە لە دەرھێنانی (د. نیاز لەتیف) کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە کەناڵی (ئاڤا) پەخشکرا. 
لەم دەرفەتەی (تۆڕی ھەواڵی ژیان)دا ئەو نووسەرە سەرنج و ناڕەزاییەکانی سەبارەت بە چۆنێتی بەرھەمھێنان و پاش بەرھەمھێنانی درامای (بەختەباران) دەخاتەڕوو:

ژیان: تۆ لە سەرەتای درامای بەختەباراندا لە نزیکەوە ئاگاداری کار کردنی ستافی دراماکە بوویت، لەبەرچی بوو لە ناکاو لە کارەکە دوورکەوتیتەوە؟

ئەحمەد ڕەزا: لەڕاستیدا ستافی کار نا، تەنھا دوو کەس " ڕزگار باھیرو نیاز لەتیف" لەگەڵما لە پەیوەندیدا بوون، کە داوای دەقەکەیان لێکردم.. بەڵێ تا دەقەکەم بە تەواوەتیی بۆ ناردن، پەیوەندیمان توندوتۆڵ بوو، دوای ئەوە ساردیی و پەراوێزخستنی تێکەوت، وەک ئەوەی کاریان بە من نەمابێ.. چەندین بەرکەوتەی سەیرو سەمەرەم لەو دووەوە بینی، کە مایەی نەک سەرسوڕمان، بەڵکو شۆک بوون، لەبەرئەوە پێش ئەوەی گرتەیەک لەو درامایە وێنە گیرابێت و DOP دەستنیشان کرابێت، پێمڕاگەیاندن، کە پەیوەندیی ھونەرییم لەگەڵیاندا پچڕاند.. بەڵام بەھۆی ئەوەوە، کە خەونی من گەیشتنی کارە بە وەرگرو جگە لەو بەڵێنەی پپێمدابوون بەوەی ئەو کارەم بەوان سپاردووە، ھەرچەند لە چەند لایەکیترەوە ھەوڵدرا بۆ ئەوەی کارەکە بدەم بەوان و ڕەتمکردەوە.. لەبەر ئەو ھەموو گوێ پێنەدانە بەڕاکانم لەلایەن ئەو دووەوە، بڕیارمدا بەشداریی ئیڤێنتەکەیان نەکەم، ئەوە بوو لە ئیڤێنتەکەدا بە بیانووی نەخۆشیی من پۆزشیان ھێنابووەوە.. دەرەنجام بەتێگەیشتنی من کاری ھونەریی بەرپرسیارێتییەو لە خەونیشدا بە خەیاڵما نەئەھات ئەوەندە بە ڕاگوزاریی کارەکە بەرھەم بھێنرێ، لێگەڕام بۆ ئەو مەعریفە ھونەرییەی ئەوان " کە بەھیچ جۆرێک بەرینەکەوتم" ، کارەکە بەرھەم بێت.

ژیان: دوورکەوتنەوەی تۆ لە ستافی کارەکە، زیانی بە کارەکە نەگەیاند؟ یان لە بەرژەوەندیی کارەکە بوو؟

ئەحمەد ڕەزا: کاری درامیی مۆدێرن، گێڕانەوەی حەکایەتی ڕەواڵەتیی نییە، بەڵکو سیستمێکی دالییە.. لەبەرئەوەی بە وردیی کار لەو سیستمەدا ئەکرێ، ئەکرێ دنیابینیی کەسەکان بۆ ئەو دالانە لەیەک نەچن و ناڕۆشن بن لای یەکتر.. لەبەرئەوە بە ڕوونیی دەرئەکەوێ دوورخستنەوەی نوسەر لە بەرھەمھێنانی درامایەکی ئاواداو لەلایەن دەستەیەکی وا دەستوپێ سپی، ئەبێتە ھۆی خوڵقاندنی ژاوەژاو، لەبەرئەوەی ھەموو دالەکان لە سیاقی خۆیان دەرئەچن.. لەوکاتەشدا شتێک نامێنێتەوە بە ناوی کاری سیمیۆلۆژییەوە.

ژیان: کەی بۆت دەرکەوت کە ئەو ستافەی لە درامای بەختەباراندا کار دەکەن، کارەکەی تۆ بە جۆرێکی دیکەو بە ئاراستەیەکی دیکەدا جێبەجێ دەکەن؟ 

ئەحمەد ڕەزا: شەوێک بانگکرام بۆ بینینی وێنەگرتنی دیمەنێک.. ھەر سەرەتا توشی شۆک بووم بەو پێکھاتەو گۆڕینی لۆکەیشن و جل و بەرگە، کاتێک دیمەنی بارکردنی ماڵێک ھێنرابووە چێشتخانەیەکی گەشتوگوزارییەوە، دواتر سەرنجمدا کچێک لەو دیمەنەدا تێ ترنجێنرا بوو، کە لە نیازم پرسی، وتی کچە بەشوەکەی ئاکۆیە، کردوومە بە کچی سەرماڵ.. زۆر سەیر بوو بەلامەوەو تێمگەیاند کە نوسەریش ناتوانێ دەستکاریی لۆژیکی دەق و کارەکتەرەکان بکاو ڕۆڵیان بگۆڕێ، گەر ھەڵوەشاندنەوەگەریی بۆ دەقەکە نەکرێ و سەرلەنوێ لە پێکھاتەکەدا نەبێ.. بیانووی ئەوەبوو، کە کچێکی دەستنەکەوتووە، بەو ڕۆڵە ڕازی بێت، لە ھەمووی سەیرتر ئەوەبوو، وتی ئەی تۆ ناڵێی سەربەستی لە ڕوئیای خۆتدا؟ بەڕاستی ئەو ڕستەیە گومانێکی گەورەی لادروستکردم، بەوەی کە نیاز تا ئێستە لە چەمکی ڕوئیا تێنەگەیشتبێ.. دواتر ڕزگار چەند دیمەنێکیتری بە مۆبایلەکەی پێ نیشاندام، بەوپێیەی خۆیان وتەنیی لە وێنەگرتنی ھۆلیود ئەچێت، کە بینیم پڕ لە بۆشایی و ھەڵەی زەقی یاسایی و لۆژیکیی بوون.. لەوە بەدوا دەستم لەوە شوشت کە کارێکی درامیی سەرکەوتوو بکرێت.. بە تایبەت کە ئەو کچەی کراوە بە کچی ماڵ، ھەموو وەزیفەکەی بریتیی بێت لە بەخێرھاتن و ماڵئاوایی میوان.

ژیان: بۆچی کارەکەی خۆت نەکشانەوە، کە دەتزانی بەوجۆرە نییە، کە خۆت دەتەوێت؟

 ئەحمەد ڕەزا: لەبەرئەوەی نەشارەزا بووم لە ئەتەکێتی گرێبەست نووسین و لەگەڵ کۆمپانیا گرێبەستم نەکرد، تا ھەرکاتێ کارەکە بەلاڕێدا برا، دەسەڵاتی ڕاگرتنیم ھەبێت، من گرێبەستم لەگەڵ ڕزگارو دیار ناوێکدا کرد، کەلای ئەوان دەستڕۆشتوو بوو.
بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن گەورە نوسەری میسریی، بەڕێز محمد الحناوییەوە تێگەیەنرام، ئەو ئەتەکێتە چۆنەو پرۆدەکشن چۆن ئەکرێت و کاستینگ کە نوسەر ئەیکات.. ئەتوانم بڵێم بۆ داھاتوو سوودی لێ ئەبینم.. فەیس و فیگەرو تەمەن و ڕوخسارو جل و بەرگ، نوسەر وردترە تیایداو توانای ئاکتینگیش لای دەرھێنەرە، بەڵام لە میسر گرفتی توانا نییە وەک ئێرە.

ژیان: پێتوایە نوسەری دراما پێویستە ئاگاداری چۆنێتیی کارکردنی ستافی بەرھەمھێنانی دراماکەی بێت.

ئەحمەد ڕەزا:  بەڵێ ئەگەر نوسەر ئاگادار و چاودێری ورد نەبێت، وەک بەختەبارانی بەسەردێت.

ژیان: گرفتەکانی ھونەرمەندانی کورد، لە باشوور چین لە بەرھەمھێنانی سیناریۆدا؟

ئەحمەد ڕەزا: من لەسەر بەختەبارانی بینراو ئەدوێم، ئەو گرفتانەش بریتین لە:
پەلەپەل کردن و نەخوێندنەوەی دەق و لێ تێنەگەیشتنی.. نەناسینەوەی لۆژیکی دەق و سەلیقەو مەعریفەی دەرھێنان و فرەکوێخایی لە ئیشەکەدا.. بۆ نمونە دەرھێنەر بە منی نەوت لە کۆتاییدا نارەوەن ئەتەقێنمەوە لە سەیارەکەیدا، بەڵکو ڕزگار پێیوتم، کە زۆرینەی کاستینگیش ھەر ئەو کردبووی، دەرەنجامیش ئەوەی ھەرکرد.. نمونەی زۆر زیاتریش.. ئەکتەر ھەبوو تەلەفونی بۆ دەکردم، داوای ئەکرد ڕێگەی بدەم سەرلەبەری چیرۆکێک بگۆڕێت.. نمونەی زۆریتریش، کە پێویست بە درێژدادڕیی نەکا.

ژیان:  کێشە ڕیشەییەکانت لەگەڵ بەرھەمھێنانی درامای بەختەباراندا چیین؟

ئەحمەد ڕەزا: درامای(بەختەباران) بەھەدەردان و شێواندنی ڕەنج و ماندووبوونی من بوو، ھەروەھا زیانێک بوو بۆ ئەو زەخیرە ڕۆشنبیرییەم، کە بەلانی کەمەوە ٤٠ ساڵە کۆی ئەکەمەوە.. وەک کاک فوئادی مەجید میسری وتی: چاوەڕوانی زیاترم لە بەختەباران ئەکرد.. کە دروست ئەم قسەیە لە جێی خۆیدا بوو.

ژیان: بۆچی لە میانی ئەو کارانەی لە بواری نوسینی دراماو شیعرو ڕەخنە ئەدەبییەکانتا دەیاننوسیت، بەردەوام پێداگیریی لەسەر میتۆدی دەقگەرایی سیمیۆلۆژیا دەکەیت؟

ئەحمەد ڕەزا: سیمیۆلۆژیا، زاراوەیەکی لەفزیی نییەو بۆ ڕازاندنەوەی  دوواندن بەکاربێت، بەڵکو زانستێکە لە ھەناوی مرۆڤایەتیدایە.
پەیوەندیی نێوان وەرگرو کاری ھونەریی، تەنھا پەیوەندیی بە پەیوەندییە ئیستاتیکییەکەوە نییە، یان پەیوەندیی چێژوەرگرتن و تێڕامان لە مەودایەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو لە جەوھەردا پەیوەندییەکی ھەڵوێستگەراییە، کە پشت بە (( سروشتی ئاوێتە بوون)) دەبەستێت لە نێوانی ئێمەو کارە ھونەرییەکەدا.. ئەمەش تەنھاو تەنھا بە میکانیزمی ئەم میتۆدە ئەکرێت.. کەواتە سیمیۆلۆژیا زانستێکە بۆ دۆزینەوەی مانا، لەڕێگەی ئامرازەکانی خۆیەوە.
جگە لەوەش تەواوی ڕێبازو قوتابخانە ئەدەبییەکان لەڕێگەی میتۆدی دەقگەرایی نیشانە ناسییەوە، یان زانستی دەلالەتناسییەوە ئەخوێنرێتەوە، بەوەش میتۆدێکی گرنگە بۆ خوێندنەوەی تەواوی کاری ھونەریی و ئەدەبیی.. گەر بەمجۆرە تێیگەیشتین، ئەوا مانا لای وەرگر بە بەردەوامیی بەرھەمدێت.. بەڵام گەر بابەتێک وەک بەختەبارانی بینراو، لە بازنەی ژاوەژاو و ھەڵڕژاویی دالەکاندا سەرلێشێواو خۆی نمایش کرد، ئەوکات بە ھیچ جۆرێک مانا بەرھەم نایەت و ناتوانین مەدلولی سیمبۆل و نیشانەو ئاماژەکان و وتن و لۆکەیشن و زۆریتر بدۆزینەوە.

ژیان: کارەکانی پاش درامای بەختەباران چین و لە چ قۆناغێکدان؟

ئەحمەد ڕەزا: لە ئێستادا درامای " سروتی با" کە بەکر ڕەشیدی دەرھێنەر ئامادەکاریی بۆ ئەکات و ١١٠ ئەڵقەیە، چاوەڕوانی دەروویەک ئەکات بکرێتەوەو سپۆنسەرو ئامادەکاریی ھونەریی بۆ بکرێت، لە کاتێکدایە کاستینگی تەواو بووە.. تەنھا پێداچوونەوەی پێویستە.. درامای " ڕەشەمێرگ"یش دەرھێنەرێک لە نوسینەوەی ڕێچکەکانی دەرھێنانیدایە بە شێوەیەکی مۆدێرن، " ٤٠ " ئەڵقەیەو لە تەواوبووندایە.. ھەروەک دوای ئەوانیش درامای " کۆترەکانی زیبا" تەواو ئەکەم، کە تەنھا ٤٠ ئەڵقەم لێ نوسیوەو نزیکی ٩٠ ئەڵقە دەرئەچێت بە پێی ھێڵە بەیانییە بۆ کێشراوەکەی.