ژیان وردەکاری دواخستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

14/01/2021
فۆتۆ: 
بەغدا

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داواکاری کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بووە و بۆ دوای مانگی ئەیلولی داهاتوو دواخراوە.

سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە نەیوست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە کە ناتوانێت ئامادەکارییەکانی تەواو بکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایکردووە هەڵبژاردنەکە بۆ ١ی ئەیلوی داهاتوو دوابخرێت و ئەو کاتەش جارێکی تر حساباتی خۆیان بکەن و ئەگەر توانیان هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدەن، ئەگەریش نا دووبارە هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی تر دوابخەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەوڵەکانیان چڕکردبووەوە بۆ خۆئامادەکردن و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیاربوو لە ٦ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.