سوپای ئیسرائیل پلان دادەنێت بۆ ڕێگریکردن لە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران

14/01/2021
فۆتۆ: 

ئەڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل فەرمانیکرد بە دانانی پلانێکی سەربازیی لەپێناو ڕێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی توانای ئەتۆمی لە بواری سەربازیدا.

ڕۆژنامەی (ئیسرائیل هیوم) بڵاویکردەوە، لە ماوەی داهاتوودا سێ بژاردە تاوتوێ دەکرێت، بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا و بەم نزیکانەش دەخرێتە بەردەستی حکومەت.

حکومەتی ئێسرائیل لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەو جۆرە لە سیناریۆ، بە تایبەت لە کاتێکدا ئێران بڕیاریدا ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە ٢٠%ی بەرزبکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە (بینی غانتیس) وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەم چەند ساڵەی دوایدا ئێران پێشکەوتنی بەرچاوی بەدیهێناوە لە بواری توێژینەوە و پێشکەوتندا، بە تایبەت لە زیادکردنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم و توانای هێرشکردندا، جگە لەوەش دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە.

وەزیری بەرگری ئێسرائیل جەختیکردووەتەوە، ئاشکرایە دەبێت ئیسرائیل بژاردەی سەربازی بگرێتە بەر لە دژی ئێران، ئەوەش دیارە پێویستی بە سەرچاوە و وەبەرهێنان و ئێستا ئەو لەسەر وەدیهێنانی ئەو ئامانجە کاردەکات.

بە گوتەی ڕۆژنامەکە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سورە لەسەر دانانی لێپرسراوێکی تایبەت بۆ هەماهەنگی چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، کاندیدی دیاریش بۆ ئەو پۆستە (یوسی کۆهین) سەرۆکی دەزگای هەواڵگری مۆسادە.