پارێزەرێک: هەڵخەڵەتاندنی ئافرەتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەشەنەی کردووە

15/01/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

پارێزەرێک ئاشکرایکرد، هەڵخەڵەتاندنی ژنان و کچان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەشێوەی تاک و گروپ ئەنجام دەدرێت و لە کەیسێکیشدا کە لەبەر دەستیاندایە، لەو رێیەوە ٨٠ هەزار دۆلار لە کچێک وەرگیراوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان پارێزە ئاسۆ هاشم رایگەیاند، هەڵخەڵەتاندنی ژنان و کچان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی گروپ لە هەرێمی کوردستان، تەشەنەی کردووە و ئەوەش مەترسی جددی بۆ سەر کومەڵگا و خێزان دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی ئەو جۆرە تاوانە بەرنامە بۆداڕێژراوە و بە پلان جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی ئەو گروپانەش تەنها بەدەستهێنانی پارەیە لەڕێگەی وێنەی رووتی ئافرەتانەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو کەیسانەی کە دەست ئەوان کەتووە، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو گروپانە ئافرەتن و ئەو ئافرەتانە بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی متمانەی تەواو لای ئەو کەسە دروست بکەن کە دەیانەوێت بیخەڵەتێنن.

ئاسۆ هاشم راشیگەیاند، ئەو یاسایەی کە لە ئێستادا لە هەرێمی کورستان و عێراق کارپێکراوە، ناتوانێت بە باشی چارەسەری ئەو جۆرە تاوانە بکات، بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە داڕشتنەوەی یاسا پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بەو جۆرە تاوانانە لە پەرلەمان دەربکەن، یاخود چەند بڕگەیەک بە یاساکە زیادبکەن، بەشێویەک کە رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە بکات.

وتیشی، کەیسێکیان لەبەردەستدایە کە کەسێک لەڕێی دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ساختەوە ٨٠ هەزار دۆلاری لە کچێک وەرگرتووە و وێنە و ڤیدیۆی رووتی پێ تۆمارکردووە.

جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەشیوەیەکی سنوردارتر لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەست بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاربکات.