ئەردۆغان داوای لە ئیدارەی بایدن کرد فڕۆکەی (ئێف35)یان ڕادەست بکات

15/01/2021
فۆتۆ: 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کرد، چارەسەری دۆسیەی ڕادەستکردنی فڕۆکەی جەنگی (ئێف ٣٥) بکات لەگەڵ وڵاتەکەیدا.

سەرۆک کۆماری تورکیا لەوبارەیەوە وتی "وڵاتەکەی پارەیەکی زۆری خەرجکردووە لە پێناو فڕۆکەی ئێف ٣٥، کە تا ئێستا ڕادەستی نەکراوە".

داواشی لە واشنتۆن کرد ئەو جۆرە فڕۆکانەی رادەست بکات، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی کڕینی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا ڕایگرت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٤ی مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوودا سزای بەسەر تورکیادا سەپاند، لە پای کڕینی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا، کە چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە پیشەسازی سەربازی تورکیا ڕوبەڕوی پاشەکشە ببێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا گەمارۆکان سەپێنراون بەسەر کۆمپانیا سەرەکییەکانی بەڕیوەبەرانی کۆمپانیا سەربازییەکانی تورکیا.

چاوەڕوانیش دەکرێت، ئەگەر ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکا تا ماوەی ساڵێک بەردەوام بن، کاریگەرییە بەرچاو لەسەر تورکیا و توانا سەربازییەکانی جێبهێڵێت، بە تایبەت لە کاتێکدا ئەنکەرە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی چەندین شەڕ و جەنگە لە وڵاتەکانی عێراق و سوریا و لیبیا.