محەمەد بەلداوی: چاکسازییەکانی وەزیری دارایی خەیاڵ و قسەی بێبنەمان

15/01/2021
فۆتۆ: 

محەمەد بەلداوی جێگری سەرۆکی لیژنەی پلاندانان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو چاکسازیانەی کە وەزیری دارایی داوای دەکات، جگە لە خەون و قسەی بەتاڵ هیچی تر نییە.

بەلداوی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی وا دەزانێت لە لەندە یان سویسرایە ، کاتێک چەندین شتی بێ بنەمای خستووەتە ناو پەڕەی سپی چاکسازییەوە، کە لە بنەرەتدا نەخراوەتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی پلاندانان لە پەرلەمانی عێراق پرسیاری ئەوەشی کردووە، لەبەری چی پەرەی سپی نەخراوەتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەوە؟

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری دارایی قسە دەکات دەربارەی ڕێوشوێنی پێویستی حکومەت لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی سکهەڵگوشین و گرتنبەری ڕێوشوێن لە بەرامبەر هەر سێ سەرۆکایەتییە، بەلام ئەوەی دەبینرێت لە پرۆژە یاسای بودجەدا، خەرجکردنی پارەیەکی زەبەلاح و خەرجییەکی خەیاڵییە.

لە کۆتایی وتەکانیدا بەلداوی جەختیکردووەتەوە، وەزیری دارایی و حکومەتیش ئاستی سود و داهاتی ئەو ١٦٤ تریلیۆن دینارەی ناو پڕۆژە یاسای بودجە نازانن، کە دەبێتە چ کارەساتێکی ئابوری، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت بە تێپەڕاندن و پەسەندکردنی بەو جۆرەی کە هەیە.