یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاند بەسەر وەزیری دەرەوەی سوریادا

15/01/2021
فۆتۆ: 

یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ بازنەی سزاکانی بەسەر حکومەتی سوریادا فراوانتر کرد و فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی خستە لیستی سزاکانیەوە، کە بەسەر دەسەڵاتی سوریادا سەپاندووەیەتی.

لە بەڵگەنامەیەکدا کە لە گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەوروپادا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، فەیسەڵ مقداد کە لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا لە دوای کۆچی دوایی وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی پێشوی سوریا لە پۆستەکەی دەستبەکار بووە، وەک وەزیر لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بەرپرسیارە لەو کارە توندوتیژی و سەرکوتکردنانەی، کە لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە لایەن ڕژێمی سوریاوە بەڕێوە دەچێت.

لە بەڵگەنامەکەی یەکێتی ئەوروپادا ئاماژە بەوەشکراوە، زیادکردنی ناوی میقداد بۆ ناو سزاکانی سەر دەسەڵاتی سوریا، بەهۆی خراپی و مەترسی دۆخی ناوخۆیی سوریاوەیە.

لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەدژی سوریا کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس دەگرێتەوە، بە درێژترین لیستی ڕەشی یەکێتییەکە دادەنریت، لەونایشیاندا بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی، هەروەها قەدەغەکردنی بازرگانی لەگەڵ سوریا بە تەواوی و ڕێگرتن لەوەی هیچ جۆرە قەرزێکی پێشکەش بدرێتێ.

بەو ڕێوشوێنە، ئەو کەسانەی کە ناویان لەو لیستەی سزاکاندا هاتووە، ڕێگریان لێدەکرێت بچنە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپاوە، هەروەها بلۆککردنی پارە و سامانەکانیان کە لە بانک و پرۆژەدایە لە ئەوروپا.

لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووشدا ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا ٨ وەزیری حکومەتی دیمەشقی خستە ناو لیستی سزاکانی خۆیەوە، کە سەپاندوویەتی بەسەر ڕژێمی سوریادا.

یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١١وە بەهۆی ئەو کوشتار و خوێنڕێژیەی کە دەسەڵاتدارانی سوریا لە دژی گەلەکەی ئەنجامیداوە، دەستیکردووە بە سەپاندنی سزا بەسەر ڕژێمی ئەو وڵاتەدا.

تا ئێستا بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە زیاتر لە ٣٨٧ هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە بوون.