جەعفەر ئیمینکی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانی پارتی لەبەغدا ئاشکرادەکات

16/01/2021
فۆتۆ: 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی کەلەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی بەغدایانکرد ڕایگەیاند کۆبونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەرهەمدار بوون و گەیشتوونەتە لێكتێگەییشتن و بڕوای هاوبەشی سیاسی سەبارەت بە كۆی گشتیی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پێشوەختە.

جەعفەر ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە پەیجی فەرمی خۆی ڕاشیگەیاندوە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كردوە كە بەردەوام كۆسپ و تەگەرەی دێتە پێش و پێویستە بەپەلە کێشەکان و چارەسەربکرێن.

ڕاشیگەیاندوە حکومەتی هەرێم کە لەساڵی 1992 ەوە دامەزراوە، درێغی نەکردوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بەغدا، بەڵكو رۆڵێكی پێشەنگ و تەواوكەر و میحوەریی بینیوە لە بواری ئەمنی و سەربازی و مرۆیی و فریاگوزاری بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتی عێراق.

جەعفەر ئیمینکی ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە و باشی لە بواری بونیادنانەوە و ئاوەدانیدا ناوە، كە ئەویش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی عێراق لەنێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

ئەوە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان شاندێکی بە ئەندامێتی هەریەکە لە هۆشیار زێباری و جەعفەر ئیمینکی و رۆژ نوری شاوەیس ناردە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆبونەوە.