عێراق لەهەوڵی لابردنی ناوەکەیەتی لە لیستی ئەو وڵاتانەی پارەی تیا سپی دەکرێتەوە

16/01/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست کردووە، بە مەبەستی لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە زۆر مەترسیدارن لە بواری سپیکردنەوەی پارە و پیشتیوانیکردن لە تیرۆر.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوە لەسەر ئاستێکی بەرز و لەڕێگە باڵیۆزخانەکانییەوە، لە سەرانسەری جیهاندا کاریکردووە بۆ شیکردنەوەی هەوڵەکانی عێراق لە بواری ڕوبەڕبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیکردن لە تیرۆر، هەروەها دەرخستنی ئاستی پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان، بۆ ئەوەی ناوی عێراق لاببرێت لە لیستی تیمی کاری دارایی نێودەوڵەتی ناسراو بە (FATF ).

سەحاف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە لەسەر وەزارەتی دەرەوە بینێت بەو ئاراستەیە، ئەوەیە کە فوئاد حسین وەزیری دەرەوە نامە و پەیام ئاڕاستەی هاوتا ئەوروپییەکانی کردووە، بۆ دەربڕینی نیگەرانی لەسەر ئەو بەرنامەیەی کە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی کردووە بۆ ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لەو بارەیەوە.