ئەمریکا رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ لە واشنتن دەگرێتەبەر

16/01/2021
ئەمریکا رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ لە واشنتن دەگرێتەبەر
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

دوابەدوای هێرشی ژمارەیەک لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر کۆنگرێس لە هەفتەی رابردوودا و بەنزیکبوونەوە لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراو، ئەمریکا ڕێوشوێنی ئەمنیی توندوتوڵی لە واشنتنی پایتەخت گرتووەتەبەر.

سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیکردووتەوە کە ٢٥ هەزار ئەندامی هێزەکانی گاردی نیشتیمانی لە شاری واشنتن جێگیر کراون.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە کەناڵی سی بێ ئێس-ی راگەیاندووە، وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا دانی بەوەدا ناوە کە توندڕەوەکانی ناوخۆی وڵات، گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر مەراسیمی سوێندخواردنی جۆ بایدن کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، دوابەدوای هێرشی توندڕەوەکان و لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر بینای کۆنگرێس، دوژمنە دەرەکییەکان کەمپەینی بڵاوکردنەوەی "زانیاری هەڵە"یان فراوان کردووە.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە ٢٠ی١ی٢٠٢١، رێوڕەسی سوێندخواردنی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبەردەم بینای کۆنگرێس بەڕێوەبچێت.

بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، جۆ بایدن پلانی سەردانەکەی رۆژی چوارشەممەی بۆ واشنتن بە شەمەندەفەر، بەهۆکاری ئەمنیی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە کە پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا (FBI ) و دەزگای ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، جۆ بایدن-یان لە ئەگەری هەڕشە و مەترسییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسی سوێندخواردنی، ئاگادار کردووەتەوە.

هەروەک بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس، دەزگای ئاسایشی گواستنەوەی ئەمریکا لەم چەند رۆژەدا رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ بۆ گەشتە ئاسمانییەکان دەگرێتەبەر و رێگە بە گەشتی کەسانی گوماناوی بۆ واشنتن نادات.