سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە

16/01/2021
فۆتۆ: 

ھاشم سەڕاج

تێکستێکی شیعری( ئیسماعیل سابیر)ە بەشێوەی قەسیدەی پەخشان نووسراوەو دەقەکە بۆشەش بەش دابەشکراوە، ھەڵبەتە ئەم ژانرە ئەدەبییە سەر بەکۆمەڵیک بنچینەو بنەمای ئەدەبی وھونەرییە لەوانە کوتبڕی و چڕی ودەستگرتن بەزمانەوە لە دەربڕینی ھەست وخوستدا، گرنگیدان بە وێنەی شیعری و دیمەن و ڕیتمی تایبەت وسەیروسەمەرەیی و کات و شوێن(سوزان برنار)سەبارەت بە قەسیدەی پەخشان دەڵێ پارچە پەخشانێکە بەپێی پێویستییەکەی پوخت وکورت و یەکگرتوو پەستراوە چەشنی لەتێک لە کریستاڵ، لەنێوەندی ئەدەبی عەربیدا سەردەمانێک لە گۆڤاری شیعردا گرنگی و بایەخێکی زۆر بەم ژانرە ئەدەبییە دراوە بەتایبەتی لەلایەن ئەدونیس و ئونسی ئەلحاج ومحەمەد ماغوت ھەروەھا ئاماژە بۆھەوڵەکانی شاعیری فەلەستینی توفیق ئەلسایغ یش دەکرێت ،قەسیدەی پەخشان چەشنی بارستاییەکی پەخشانی خاوەندی ڕیتم ومۆسیقای ناوەکی و تەکنیک وستایلی تایبەت بەخۆیەتی کەلە شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی تردەگۆڕدرێت ئونسی الحاج لەم بوارەدا جەخت لەسەر کوتبڕی وبریسکەو درەوشانەوە و بەخۆڕایی بێ بەرامبەرانە(المجانیە) دەکات شاعیرانی تر نامەبەستگەرایش دەخەنە پاڵ ئەوخاڵانەوە ,شاعیرە عەرەبەکان لەم بوارەدا ھەوڵیان داوە لە ھەژموونی دەسەڵات و کۆت و بەندی کێشەکانی عەرووزی فەراھیدی و ڕەوانبێژیی ڕزگاریان بێت تاوەکو بەوپەڕی ئازادی مامەڵە لەگەڵ زمان وھزرو شیعروبەخشان بکەن وێڕای ئەوخاڵانەی سەرەوە قەسیدەی پەخشان ژانرێکە بە ھەستێکی ئیستاتیکی و دوور کەوتنەوە لە لاڵانەوەوکڕوزانەوە گوزارشت لە کۆژانەکانی سوبێکت و دەوروبەر دەکات و ھەوڵدەدات لەیاسا وڕێسا بۆماوەییەکانی شیعری تەقلیدی دەربازی بێت، زۆرتر تێکستێکی سەربە دەقئاوێزانە حەزی بەکرانەیەوەیە ڕووەو جیھان و جوانی چونکە خاوەندی بونیادێکی دەلالیی ودنیابینییەکی قووڵە، شاعیر زۆرجارھەڵچوونی ناوەکی و چرکە خودگەراییەکانی خۆی دەنووسێتەوە بەڵام (عەبدئەلقادر ئەلجەنابی)١٩٤٤شاعیرو وەرگێڕو ڕۆژنامەنووسی عیراقی دانیشووی پاریس کە خاوەنی گۆڤاری (فەرادیس) و(ئارەزووی ئیباحی)یەچەندین تێکستی شیعری ئەوروپی بۆسەرزمانی عەرەبی وەرگێڕاوە و کاریگەرە بە شارڵ بۆدلێرو ئەندریە بریتۆنی سوریالی، ئەلجەنابی کۆمەڵێک نووسینی جۆراوجۆری لەزمانی فەرنسییەوە دەربارەی قەسیدەی پەخشان وەرگێڕاوە و لەھەمانکاتدا بەدواداچوونی بۆ شیعرەکانی ھەریەک لەشارڵ بۆدلێرو مالارمیێ و ڕامبۆ و لۆتریامۆن و بیارریفیردی وماکس جاکوب کردووە، دەسپێکی قەسیدەی پەخشان بۆ( ئەلبزیوس بۆتران) ی شاعیری ڕۆمانسی دەگەڕێنێتەوە لە کتێبی (غاسباری شەو) ھەروەھا لەنێوەندی ئەدەبی عەرەبیدا کێشەو مشتومڕێکی ئاڵۆزی ناوەتەوە پێیوایە ئەودەقانەی شاعیرە عەرەبەکان نووسیویانە قەسیدەی پەخشان نین بەڵکو شیعری پەخشان و پەخشانە شیعرن، ئەلجەنابی بە کۆمەڵێک پێوانەو بنەمای جیاوازو بەدیدێکی تر لەم ژانرو بارستاییە پەخشانییە دەڕوانێت لەوانە دوورکەوتنەوە لە گێڕانەوەی درێژدادڕو وەعزو ئامۆژگاری وئیستدراد (جاری باسی یەکەمت تەواو نەکردووە لەباسێکی تر بدوێیت) و بەڵگەبەندی وھۆکارگەرایی، لە ئەدەبی کوردیشدا ئەزموونی قەسیدەی پەخشان لەلایەن چەند شاعیرێکەوە ئەنجام دراوە خۆیشم سەردەمانێک کارم لەم ژانرە پەخشانییە کردووە لەکتێبە چاپکراوەکانمدا بڵاوبوونەتەوە.

لە پرۆژەی پەخشانی شین و پەخشانی زەردو دەقی سپیدا ھەوڵم داوەتاڕادەیەک درزو بۆشایی لەنێوان شیعرو پەخشاندا نەھێڵم, لە کتێبی (سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە ) دانەر بەجێناوی کەسی سەربەخۆ بۆ کەسی یەکەمی کۆ (ئێمە) ڕووداوەکان بە زمانێکی تۆکمەو جوان دەگێڕێتەوە دەسپێکی دەق لە دانیشتنێکی نێوسەوزایی پشت بازگەیەک سەرچاوە دەگرێت ئیتر بەردەوامی بەکردەی نووسین دەدرێت و لەرێگەی چەندین دیمەن ووێنەی شیعری ڕووداوگەلێک دەخرێنەڕوو ڕوداوەکان جارجارە سەردەکێشن بۆ ڕۆژە خۆشەکانی قۆناغی زانکۆ و یادەوەرییەکان بەشێوەی نۆستالژیا دادەڕژێن و دەق شیوەنێکی نەبڕاوە بۆ تراژیدیایەک دەگێڕێت دەشێ بەبوونەوە لکابێت. بەڵام زۆربەی دیمەن و وێنە شیعرییەکان لە ژیانی ڕۆژانەی نێو کافێ و دانیشتنی دەستەجەمعی و قوڵایی کۆمەڵگای کوردیییەوە سەرھەڵدەدەن و بەجێناوی ئێمە لەمەینەت ودەردەسەری دەدوێت دەنگێکی تووڕەو ڕەخنەگرانەیە بەردەوام بەدوای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییدا دەگەڕێ و ھەندێ جاریش میحنەتەکانی جەنگ دەخاتەڕوو دەقی سۆراغ چەشنی پەخشانە شیعر ھەندێ لەوبنەمایانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم بۆکردوون پراکتیزەکردووە دەق جارجارە نوقمی دیمەنێکی ئیرۆتیکی دەبێت جارجارەش لە عەقڵی دۆگماو بیرکردنەوەی تاریکئامیز دەدات بەڵام دەتوانم بڵێم تێکستی سۆراغ ھاوارێکە زۆرتر ئاڕاستەی لیلیا دەکرێت ئەو کچەی لەسەرتا سەری قەسیدەکەدا تەنھا دووجار ناوی دەبردرێت بەتایبەتی لەوکۆپلە شیعرییانەداکە بە فۆرمێکی ئاھەنگسازی نووسراون.

لەڕوویەکی تر دەق ھەوڵی داوە پێوەندییەکی مەجازی یادرکەیی لەنێوان شتگەلە ژیانییە جۆراوجۆرەکاندا دروست بکات، واتە پێوەندیگرتنێکی دەلالی و پەخشانی لەنێوان ئامرازوئامێرو کەرستەجۆراوجۆرەکان کە لەبواری نووسیندا بە ھاوشێوەیی ولێکچوون دەردەکەون و واتایەک بە دیمەنەکە دەبەخشن (نەھاتن کەمێک خوێ بۆڕێکخستنی زمان بەسەرھێلکەوڕۆنی سووتاوی دڵماندا بکەن ) (نیگەرانی لەناو زمان کە زامێکە تەڕاتێنمان پێ دەکات) (بەبێدەنگی لەسەرسفرەی پەژارەیی بەیاوەری قوڕگی (فەرھاد زیرەک) سەری برینداریان لەبەردەم عەزابی یەکتردانا) (دەبێت ئیتر لەم زوڵمە دەرچین ودەرگای شووراکانی بەخت بۆ دڵی کچە قەیرەکان بکەینەوە)(پرۆمسییۆس بۆ بەجێ ھێشتنمان ئاگرێکی مەعریفی بوو کەداگیرسا ، کڵپەی ناوەوەمان بەئاوی شارستانییەک دانەمرکایەوە).