ئێران ڕوفاتی ٥٥ کوژراوی سەردەمی جەنگی عێراق ئێرانی لە بەغدا وەرگرتەوە

17/01/2021
فۆتۆ: 



ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ڕوفاتی ٥٥ سەربازی ئێرانی گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکەی، کە لە سەردەمی جەنگی عێراق ئێراندا لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ کوژراون.

محەمەد باقرزادە سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی بێسەروشوێنکراوانی جەنگ لە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاتی پێشوازیکردن لە ڕوفاتی ئەو هاوڵاتییە ئێرانیە نەناسراوانە ڕایگەیاند، ئەم کەسانە لە ئۆپراسیۆنی "کەربەلای ٥ ) و (فەجر) و (خەیبەر) و هێرشەکانی دووژمن کوژران لە نێوان ساڵانی ١٩٨٦ بۆ ١٩٨٨.

پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی ئەو ڕوفاتانەش، لە دەروازەی سنوری شەلامجەی باشوری عێراقەوە لەگەڵ ئێران ئەمڕۆ بەڕێوەچوو.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز ئاشکرایکرد، ڕوفاتی ئەو کەسانە دەبرێنە ناوچەی  (میعراجی شەهیدان) لە شاری ئەهواز، پاشان دەگوێزرێنەوە بۆ تارانی پایتەخت، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکینی (DNA ) بە مەبەستی ناسینەوەی خێزانەکانیان و رادەستکردنەوە بە کەسوکاریان.