لیژنەی دارایی: تێپەراندنی بودجەی 2021 پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تیپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١، پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە لە نێوان لایەنەکاندا.
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی هەڵدەستێت بە دیاریکردنی پێشنیازەکان، کە بە پێویستی دەزانێت بۆ گۆڕانکاری و چۆنێتی دابەشکردنی خەرجی گشتی لە چوارچێوەی یەکەکانی خەرجیدا.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی دارایی هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی هەندیک لە بەندەکانی بودجە و زیادکردنی لە بەندی دیکەدا، بەگوێرەی پێویستی هەریەک لەو بەندانە.
لە کۆتایی وتەکانیدا سەفار جەختیکردووە، پەسەندکردن و تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان، پێویستی بە هاوکاری و تەواوفوقی سیاسی هەیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆیەکی چەند ڕۆژە، لە دانیشتنی ٣٥ هەمینی خۆیدا کۆتایی هێنابەگفتوگۆکانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١.
|