وەزارەتی دارایی: ناتوانین داهات و خەرجی پارێزگای سلێمانی ئاشکرابکەین

17/01/2021
وێنە؛ شاری سلێمانی
فۆتۆ: 

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ناتوانن داهات و خەرجی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ئاشکرابکەن.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە نوسراوێکدا وەڵامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەداتەوە سەبارەت بەناردنی زانیاری تایبەت بە خەرجی و داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ ساڵەکانی 2017 و 2018 و 2019 و 2020 .

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تاکو ئێستا زانیاری لەو شێوەیە نەدراوە بە هیچ پارێزگایەک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ناردنی ئەم زانیاریانەی داواتانکردووە پێویستە ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەربگیرێت.

نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی 11 ئەم مانگە دەرچووە و ئیمزای ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەسەرەوەیە.

ڕێکەوت زەکی ئەندانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، وەڵامی وەزیری دارایی سەبارەت بەداھاتی پارێزگاکە ڕون و ڕاشکاوە کە تاکە دەسەڵات لای سەرۆکی حکومەتە و لای وەزارەتی دارایش نییە کەبڕیارە خەزێنەی وڵات بێت!.

دەشڵێت، با ئەمە وەڵام بێت بۆ ھەموو ئەوانەی کە دەڵێن حکومەتی ھەرێم مەرکەزی نییە و وەزیرو دەستە و پارێزگاکان تەواوی دەسەڵاتیان ھەیە .

ڕێکەوت زەکی پێشیوایە، دەبێت ئەم وەڵامە ھەموو داواکارانی لامەرکەزی سورتر و پێداگیرتر بکات کە پێویستە داھاتی پارێزگاکان بەناوی پارێزگاکانەوە تۆمار بکرێت نەک وەزارەتی دارایی، لەگەڵ تەواوی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانی تر کە داواکراوە.