ژووری ئۆپراسیۆنی ههولێر ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد
هەولێر
ژووری ئۆپهراسیۆنی ههولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا، ژمارەیەک بڕیاری نوێیان دەرکردووە، لەوانەش، بڕیاریانداوە دوو لێژنە پێکبهێنرێت، بۆ چوونە ناو ناوەندەکانی خوێندن و چاودێریکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش کاتژمێر ١٢ی شەو، یانەکانی شهوانه و مهی خواردنهوه (بار)، کافتریاکانی نێرگهلهكێشان، میوزیك لایڤ و ئاههنگی شهوانەی یانەکان
دادەخرێن.
دەقی راگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2021.1.17، بهسهرپهرشتی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:
یەکەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای پابەندبوونی بە بەیانی ژمارە (1)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، بڕیاریدا دوو لێژنە بەسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر و ئەندامیەتی هەریەک لەنوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر پێکبهێنرێت، بۆ چوونە ناو ناوەندەکانی خوێندن و چاودێریکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان .
دووەم/ پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ سەردانیکردنی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و چاودێریکردنی فهرمانبهرانیان لەکاتی دەوام بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هاوڵاتی و موراجعانەی کە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان بهبێ بهستنی (دهمامك) دەچنە ناو فهرمانگهکان.
سێیەم/ داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەو پەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک ڕەچاووی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
چوارەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازار، چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیەری مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ههرشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) جێبهجێنهكات، لێژنەی قائمقامییەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، دهستبهجێ شوێنەکە دادەخەن.
پێنجەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.
شەشەم/ ئەم شوێنانە لەکاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن :-
(یانهی شهوانه، نێرگهلهكێشان، یانهكانی مهی خواردنهوه (بار)، موزیك لایف، ئاههنگی شهوانەی یانەکان).
حەوتەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە :-
(هۆڵهكانی بووك گواستنهوه، ههموو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک).
ههشتهم/ پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
نۆیەم/ هاوینە هەوار و شوێنە گەشتییاریەکان، دەبێت ڕەچاوی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتییارانیان پایەندبن بە بەستنی (دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
|