نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێران نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی خامنەئی دەکەن

18/01/2021
پەرلەمانی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
روژهەڵاتی کوردستان

لەسەر "سوکایەتی و بێڕێزیکردن" بە نەتەوەی کورد لە بەشێک لە میدیاکانی ئێران، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێران نامەیەک ئاڕاستەی عەلی خامنەئی رێبەڕی باڵای ئەو وڵاتە دەکەن.

لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاڕاستەی عەلی خامنەئی کراوە، ١٥ پەرلەمانتاری شارە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەخنەیان لە هەڵسوکەوت و بەرنامەی بەشێک لە کەناڵەکانی ئێران و بەتایبەتیش کەناڵی 2ی ئەو وڵاتە گرتووە و رایانگەیاندووە، بەشێک لە پرۆگرامەکانی ئەو کەناڵە پێچەوانەی ئاسایش و یەکڕیزی نیشتیمانین و داوایان لە رێبەری ئێران کردووە، بە چەند بڕیارێک رێگە لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە بەرنامانە بگرێت کە دژی یەکڕێزین و سوکایەتی بە نەتەوەکانی ئێران دەکەن.

نامەی ئەو ١٥ پەرلەمانتارە ئاماژەیەکە بە بەرنامەیەکی کەناڵی ٢ی ئێران کە چەند رۆژ پێش ئێستا بڵاوکرایەوە و تیایدا یەکێک لە پێشکەشکارانی کەناڵەکە بە میوانی بەرنامەکە کە کوردێکی پارێزگای کرماشان بوو و بە جلی کوردییەوە ئامادەبوو، راگەیاند، "ئەو جلوبەرگە شوانییە چییە کە پۆشیوتە؟".

لە وەڵامدا، میوانی بەرنامەکە وتی، "ئەو جلوبەرگە هێمای ئازادبوون لە دەستی ستەمکاران و داگیرکەرانە و مێژوویەکی کۆنی هەیە".

بڵاوبوونەوەی ئەو بەرنامەیە کاردانەوەی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەوە و بە ملیۆنان کورد ناڕەزایەتییان دەربڕی و وێنەی خۆیان بە جلوبەرگی کوردییەوە بڵاوکردەوە و داواشیان کرد، ئەو پێشکەشکارە بە ئاشکرا داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات.

لەنامەکەی پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی ئێران ئاماژە بە بێڕێزی پێشکەشکاری کەناڵی ٢ی ئێران بە جلوبەرگی کوردی کراوە و تیایدا هاتووە کە، "ئەو رووداوە بە ملیۆنان هاوڵاتی کوردزمانی ئازارداوە".