رۆژهەڵاتی کوردستان.. بەهۆی هەرەسی بەفر پێنج کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا

18/01/2021
بەهۆی هەرەسی بەفر پێنج کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
روژهەڵاتی کوردستان

بەهۆی هەرەسی بەفر لە سنورەکانی نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و باکوری کوردستان، پێنج کۆڵبەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا، تا ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی١ی٢٠٢١،  لانیکەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی پارێزگای ورمێ لە کاتی کۆڵبەری لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ئەو پارێزگایە لەگەڵ باکوری کوردستان، بە هۆی هەرەسهێنانی ڕنو بەفر گیانیان لەدەستداوە .

ئاشکراشی کردووە، ناوی ئەو پێنج کۆڵبەرە بریتین لە، ئەولایی خودایی کوڕی حاتەم، فورات خودایی کوڕی خورشید، مەتین ئەسڵانی کوڕی عوسمان، بیلەن ئەحمەدی کوڕی سادق و یاوەر ئەسڵانی کوڕی لوقمان .

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو پێنج کۆڵبەرە لە گوندی "دریشک" لە باکوری کوردستان تووشی ئەو ڕووداو بوون و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ڕێگەیان نەداوە خەڵکی گوندی کووران بەهانایانەوە بچن و تەرمەکانیان هێشتا نەدۆزراوەتەوە .

هەنگاو ئاماژی بەوەشکردووە، سەرجەم ئەو کۆڵبەرانە خەڵکی گوندی کوورانی سەر بە پارێزگای ورمێن.

بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی هەلی کار، ساڵانە بە سەدان کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگا سەخت و دژوارەکانی سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باکور و هەرێمی کوردستان گیان لەدەستدەدەن و برینداردەبن.