باوکی شێروان شێروانی کۆچی دوایی کرد

18/01/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

مام ئەمین شێروانی باوکی شێروان شێروانی بەهۆی نەخۆشییەوە، کۆچی دوایی کرد.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا، باوکی شێروان ئەمین، ناسراو بە شێروان شێروانی لە نەخۆشخانەی (سی ئێم سی) هەولێر، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

ئەمڕۆ بارزان ئەمین، براى شێروان شێروانى، بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، "باوكم 15 رۆژە لە نەخۆشخانەیە و پێش ئەوەى تواناى قسەکردن لەدەستبدات، بە دڵێکى پڕەوە داواى بینینى شێروان شێروانى دەکرد".

هەروەک ڕووگەش عیزەدین هاوسەری شێروان شێروانی رایگەیاند، نەخۆشکەوتنی باوکی شێروان پەیوەندی بە دەستگیرکردنی کوڕەکەیەوە هەیە، چونکە پێشتر هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و ئێستا بەوهۆیەوە تووشی نەخۆشی شەکرە بووە.

وتیشی، "دوو ڕۆژ پێش ئێستا داوای بینینی کوڕەکەی کردووە و ئەمڕۆش لە زمان کەوتووە و ناتوانێت قسە بکات و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە و ژیانی لە مەترسیدایە".

دواتر سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی سی ئێم سی هەولێر بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، دوای چاوپێکەوتنی پەیامنێری ژیان لەگەڵ بارزان ئەمین برای شێروان شێروانی و ڕووگەش عزەدین هاوسەری شێروان، کۆمەڵێک ئاسایش بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتایە سەرنەخۆشخانەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چەکدارانە  پرسیاری ئەو کەسانەیان کردووە کە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیان هەبووە و بەردەوام پرسیاریان لە بارزان و ڕووگەش کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەرلەوەی ئەو چەکدارانە بگەنە نەخۆشخانەکە، برا و هاوسەری شێروان شێروانی لە نەخۆشخانە دەرچوون.

شێروان ئەمین چالاکوان و رۆژنامەنوس، کە ناسراوە بە شێروان شێروانی ماوەی ٣ مانگ و ١١ ڕۆژە دەستگیر کراوە و کەسوکارەکەی دەڵێن، لەو ماوەیەدا تەنها یەک جار بۆ ماوەی ٥ خولەک توانیویانە چاویان پێی بکەوێت.