یەکەم بڕیاری بایدن تایبەت دەبێت بە پەنابەران لە ئەمریکا

19/01/2021
فۆتۆ: 

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن، جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی، پڕۆژە یاسایەکی نوێ سەبارەت بەوەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەمریکی دەردەکات.

ئاژانسی ئەسۆشییەتیدپرێس لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، پرۆژە یاسا نوێیەکە تایبەت بە پێدانی ڕەگەزنامەی ئەمریکی لە ماوەی ٨ ساڵدا، کە ١١ ملیۆن کۆچبەر چاوەڕوانی دەکەن و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی نایاسایی دەژین.

بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە کۆچبەران و ئەوانەش کە دەیانەوێت کۆچ بکەن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێیان وایە هاتنی بایدن سود و خێری بۆ ئەوان تێدایە، کە بەڵێنی داوە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێش خۆی بگۆڕێت، کە چەندین یاسا و ڕێوشوێنی توندی لە دژی پەنابەران و کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی دەرکردبوو.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕواندەکرێت بایدن زنجیرەیەک بڕیاری بە پەلە بدات، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ڕێوشوێنەکانی ترەمپ، بە تایبەت لە بواری کۆچ و پەنابەری، لە دیارترینیشیان کۆتایی هێنان بەو قەدەغەیە کە سەپێنراوە بەسەر بەشێک لەو وڵاتانەی کە زۆرینەیان موسڵمانن.

ئەو هەنگاوانەی بایدن بە کودەتایەکی کاریگەر دادەنرێت بەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ، کە زۆر دڵڕەقانە مامەڵەی لەگەڵ کۆچبەراندا کردووە.

دەرکردنی یاسایەش یەکێکە لەو بەڵێنانەی کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دابووی.

پڕۆژە یاساکەش بە یەکێک لە خێراترین ئاراستەکانی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەمریکی دادەنریت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ماوەیەکی زۆرە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ژیان بەسەردەبەن.