موقتەدا سەدر: لە ژیاندا بمێنم ڕێگە نادەم بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان

19/01/2021
فۆتۆ: 

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە سەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ١٠ی ئۆکتۆبەری داهاتوو هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بە دواخستنێکی دیکەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لە تویتیکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە "بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان و بەناوی نیشتیمان و گەلەوە، ئەگەر لە ژیاندا بمێنێم بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەم بە دواخستنێکی دیکەی هەڵبژاردنەکان".

سەرۆکی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم ماوەیەدا پێویستە لەسەر هەموو لایەک خاوەنی ڕۆحی نیشتیمانی بێت و کار بکات لەسەر سەرخستنی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی بەجوانترین شێوە بەڕێوە بچێت، دوور لە هەموو پێکدادان و تاوانبارکردنێک.

لە کۆتایی وتەکانیدا موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە، پێویستە لەسەر هەموو لایەک زۆر وریا و بە ئاگا بێت لە یاری گەندەڵکاران و پیلانەکانیان، سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان یاخود دەستوەردان لە کاری کۆمسیۆن، یان هەر بابەتێکی دیکە، کە زیانی بۆ گەل هەبێت.

ئەو هۆشداریەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران عێراق دەنگیدا لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ رۆژی 10 ئۆکتۆبەری ئەمساڵ .

لە چەند رۆژی ڕابردوودا کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایکرد وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنەکە لە 6 ی حوزەیرانەوە دوابخرێت بۆ 16 ی ئۆکتۆبەر.