تورکیا تویتەر بێبەش دەکات لە داهاتی ڕیکلامەکان

19/01/2021
فۆتۆ: 

حکومەتی تورکیا لە ئەمڕۆوە ڕێگری کرد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هیچ قازانج و داهاتێکی ڕێکلامی لەو وڵاتە دەستبکەوێت، ئەوەش وەک سزایەک بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ لابردنی ناوەرۆکی بابەتەکانیان لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.

لەو میانەشیدا ئەمڕۆ لە تورکیا ڕێگریکراوە لە گۆڕینەوەی گرتەڤیدیۆییەکان لە (پیریسکوب)ی سەر بە تویتەر و پێگەی (پینترست)ی کۆمەڵایەتی، بەمەبەستی  ڕێگری و قەدەغەکردنی داهات و قازانجەکانیان کە لەو ڕێکلامانەی دەستیان دەکەوێت.

عومەر فاتیج سایان بریکاری وەزارەتی گواستنەوە و ژیرخانی ئابوری تورکیا ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە لە دژی تویتەر لەلایەن کۆمپانیاکانیانەوە بەوردی سەرپەرشتی دەکرێت و سزا و غەرامە دەسەپێنێت بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە داهاتی ڕێکلامیان بۆ دەچێت.

ئامانج لەو بڕیار و ڕێوشوێنەش، ناچارکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە بە دامەزراندنی نوێنەرێکی یاسایی لە تورکیا، بەگوێرەی ئەو یاسایەی تایبەت بەو بوارە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەتوانرێت لەڕێگەی دادگاوە ئەو پێگە و ماڵپەڕانە ناچار بکرێن بە لابردنی بابەت و ڕێکلامەکانیان.

سایان بەرگری لە جێبەجێکردنی یاساکە کرد و ڕایگەیاند، ئامانج لە جێبەجێکردنی دژایەتی و بەرپەرچدانەوەی "فاشیەتی دیجیتاڵی" و سوکایەتی و ناوزڕاندن و سوکایەتی بە مافێک کە ئازادی نییە، بەڵکو تاوانە.

ئەوانەش کە ڕەخنە دەگرن لەو بڕیارە دەڵێن، بڕیارەکە دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم چاودێرییەکی توند و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن لەسەرتۆڕە کۆمەڵاتییەکان، بە تایبەت کە لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ وە سەرکوتکردنێکی فراوان دەستی پێکردووە.

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێکیش بەسەر دەرچوونی بڕیارەکەدا، کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند، نوێنەرێکی یاسایی خۆی لە تورکیا دادەمەزرێنێت و پابەندبوونی خۆشی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە دووپاتکردەوە.

دوای هەنگاوەکەی فەیسبوک هەریەکە لە پێگەکانی یوتیوب و تیک تۆک هەمان هەنگاویان نا، لە بەرامبەریشدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش هۆشداریدا لە مەترسی ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکرێنە دەزگا و هۆکارێک بۆ چاودێریکردنی دەوڵەت لە تورکیا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی ئازادی ڕادەربڕین لە ساڵی ٢٠١٩دا، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگریان کردووە لە گەیشتن بە ٤٠٨ پێگەی جیاجیا، لابردنی ٤٠ هەزار تویت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لابردنی ١٠ هەزار پارچە ڤیدیۆ لە یوتیوب، ٦٢٠٠ بەشداربوونی فەیسبوک.