ئەنجوومەنی سوریا دیموكراتی: سوریا و رووسیا بە بەرپرسیاری داگیركردنی عەفرین دەزانین

20/01/2021
فۆتۆ: 

ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی رایگەیاند، حكومەتی سوریا و رووسیا بە بەرپرسیاری داگیركردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەزانین.

ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی بەبۆنەی سێهەمین ساڵیادی "داگیركردنی عەفرین" راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: دەوڵەتی توركیا، دەوڵەتێكە ئاسایش و ئارامیی هەرێمەكە تێكدەدات، لە رێگەی داگیركردنی خاكی سوریاوە و بە ئامانجی زیندوكردنەوەی ئیمپراتۆریای عوسمانی یاسا نێونەتەوەیەكان پێشێل دەكات.

ئەنجومەنەكە كە باڵی سیاسی هێزەكانی سوریای دیموكراتیە راشیگەیاند: حكومەتی سوریا و رووسیا بە بەرپرسیاری داگیركردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەزانین. 

ئەو هێرشانەی توركیا بۆسەر ئەو شارەی كوردستان لە رۆژئاوا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 300 هەزار كەسی خەڵكی ناوچەكە دەشڵێت: ئێمە  هاوڵاتییانی عەفرین دڵنیا دەكەینەوە، یەكەمین خەباتمان ئەوەیە، عەفرین رزگار بكەین تا هاوڵاتییانی بە ئارامی و ئاسایشەوە بگەڕێنەوە. 

ئەنجوومەنەكە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، كۆمیتەیەكی تایبەت دروست بكات بۆ تۆماركردن و بە دیكۆمێنتكردنی راستییەكان و لێپرسینەوە لە تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا و گروپە چەكدارەكانی .

ئەمڕۆ 20ی كانونی دووەم ماوەی سێ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر شاری عەفرین تێپەڕ دەكات، ئەو شەڕەی نێوان شەرڤانان لەگەڵ توركیا و گروپەكانی سەر بەو وڵاتە ماوەی 58 رۆژی خایاند.