بایدن لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا 17 بڕیاری ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە

20/01/2021
فۆتۆ: 

کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا و ٧:٣٠ خولەکە لە کاتی هەرێمی کوردستان جۆ بایدن وەك 46ەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.

هەر وەک چاوەڕوانکراو بوو، تیمی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جەختیانکردووە، بایدن لەمڕۆدا 17  بڕیار دەردەکات و هەموو هەنگاوەکانی پێشتری دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ژینگە و کۆچبەران و کۆرۆنا ڤایرۆسی چەند بوارێکی تر هەڵبوەشێنێتەوە.

لە دیارترین ئەو بڕیارانەش کە وەک تیمی بایدن ڕایگەیاندووە لە ئەمڕۆوە هەڵدەوەشێنرێنەوە، ڕاگرتنی دروستکردنی دیواری نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەکسیک، کە ببووە مایەی نیگەرانییەکی زۆری هاوڵاتیانی ئەمریکا و مەکسیک بە تایبەت کۆچبەرانی ئەو وڵاتە.

هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی وڵاتانی زۆرینەی موسڵمان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ژمارەیەکیان وڵاتانی عەرەبین.

هاوکات بایدن فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژۆ دەکات بۆ ڕاگرتنی سیاستەکانی ترەمپ سەبارەت بە کۆچبەران و یەکخستنەوەی ئەو ئەندامانەی خێزان کە لەیەکتری دابڕاون، هەروەها پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو کۆچبەرانەی کە ماوەی ١٠ ساڵە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژیان بەسەر دەبەن، کە لە ئێستادا ژمارەی کۆچبەری نایاسایی لە ناوخۆیی ئەمریکادا گەیشتووەتە ١ ملیۆن کۆچبەر.

هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی  جیهانی، کە یەکێک بووە لە ئەندامە هەرە چالاکەکانی و ساڵانە گەورەترین کۆمەکی دارایی بە ڕێکخراوەکە دەکات.

جۆ بایدن بڕیاردەدات بە گەڕاندنەوەی ویلایەتە تەکگرتووەکان بۆ ڕێککەوتنی پاریس سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا لە جیهاندا.

جین ساکی کە بووەتە وتەبێژی نوێی کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، بایدن دوا نیوەڕۆ بە کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو زنجیرە بڕیارانە ئیمزا دەکات.

یەکێک لە رێوشوێنەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەپاندنی دەمامک لەسەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە فیدراڵییەکان و کارمەندەکانی فیدراڵی.

ساکی ئاماژەی بەوەشکرد، بایدن نوسینگەیەکی نوێ لە کۆشکی سپی دەکاتەوە، بە مەبەستی هەماهەنگی بۆ ڕوبەڕبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.