شێروان و مام ئەمین چیرۆکێکی لەیاد نەکراو

20/01/2021
فۆتۆ: 

یەکێک لەو رووداوە تراژیدیانەی کە سەرنجی هەمووانی راکێشا، کۆچی دوای مام ئەمین شێروانی باوکی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بوو. شێروان لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزێکی ئەمنی لە ماڵەکەی خۆی لە هەولێر فڕێنرا، دواتر چارەنووسی ئاشکرا بوو کە لە ئاسایشی هەولێرە.

مام ئەمین شێروانی، سێ مانگ زیاتر بوو ئاواتی ئەوە بوو کوڕەکەی ببینێت بەڵام ئاسایشی هەولێر رێگەیان پێنەدا، پێش ئەوەی کۆچی دوای بکات، 15رۆژ بوو لە نەخۆشخانە بوو،  کوڕێکی ئاماژەی بەوە کرد بوو، باوکی پێش مردنی زۆرجار بە دڵێکی پڕەوە داوای بینینی شێروانی دەکرد.

ئاسایشی هەولێر رێگربوون لە مام ئەمین دوایین ئاواتی بێتە دی، بۆ هەمیشە چاوەکانی داخست و لەگەڵ کوڕەکەی یەکدی نابیننەوە.

کەسوکاری ئەو رۆژنامەنووسە دەپرسن، ئایا تاوانی شێروان هێندە قورس بوو رێگەیان پێنەدرا لەگەڵ باوکی کۆتا دیدار بکەن؟

هاوسەری شێروان شێروانی دەڵێت، خەزووری لەتاو بینینی کوڕەکەی شەکرەکەی زۆر بەرزبووەوە و دوو ڕۆژ بوو لە زمان کەوتبوو.

شێروان شێروانی کە زیاتر لە سێ مانگە لە کونجی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێرە، یەکێکە لەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی سنوری بادینان کە رەخنەی لە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکان دەگرت.

نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو کاتێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری خەڵک و فەرمانبەران گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان دژی دواکەوتنی موچە دەستپێکرد، خەریک بوو ناڕەزایەتییەکان دەگوازرانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە، بەڵام هەر زوو لەگەڵ یەکەم بریسکەی ناڕەزایی لە دهۆک، هێزە ئەمنییەکان کەوتنە گیانی چالاکوان و رۆژنامەوانە رەخنەگرەکان و لەو چوارچێوەیەدا شێروان شێروانیان دەستگیرکرد.

هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی دیندار زێباری رێکخەری وەڵامدانەوەی رپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتی جۆراوجۆر دەخەنە پاڵی، بەڵام رۆژنامەوان و چالاکوانان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە شێروان شێروانی تەنیا لەسەر رەخنەگرتن دەستگیرکراوە و ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵی بێ بنەمان.

رۆژنامەوان و چالاکوانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبوو ئاسایشی هەولێر دەرفەتی بینی شێروان شێروانی و مام ئەمینی باوکیان رێکبخستایە، بەوە دڵنەوایی دەبوو بۆ خێزانەکەی.

شێروان شێروانی تەنیا نموونەیەکە لە دەستگیرکراوەکانی ساڵی رابردوو، دەیان رۆژنامەوان و چالاکوانی دیکەی سنوری بادینان لە زیندانەکاندان، دایک و باوکیان بەشوێن دەرچەیەکن بۆ ئازادکردنیان و ئێستا هەمووان دەخوازن هەمان چارەنووسی شێروان و مام ئەمینیان نەبێت، ئەمەش وتەی دایک و باوکی گوهدار زێبارییە کە ئەویش لە زیندانەکانی ئاسایشی هەولێردایە.

بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی، تەنیا لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو 320 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بادینانەوە دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا بەشێکیان لە زینداندا ماونەتەوە، ئەوەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لەوبارەوە چەند جارێک رەخنەی توندیان گرتووە.