پەرلەمانتارێک و وەزیرێک لەسەر پێدانی شوقەیەک بە خێزانێک بوەتە کێشەیان

20/01/2021
فۆتۆ: 

لەماوەی ڕابردوو دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی شوقەیەکی لە شوقەکانی کەندەکەوە داوە بە خێزانێک، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت نایاساییە.

سەلمە فاتیح پەرلەمانتاری یەکێتی ڕایگەیاندوە وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان چەندین شوقەی دابەشکردوە بەبێ وردبینی و بەبێ فۆڕم و لەبری ناوی یەدەکەکان.

داواشیکردوە سەرۆکی حکومەت و جێگیرەکەی ئەم کارە نایاساییە ڕابگرن و ئەویش رێکاری یاسای دەگرێتەبەر.

لەبەرامبەردا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە رونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندوە لەو شوقەکانی کەندەکەوە دوو شوقەی چۆڵ هەبوون و ئەو خێزانەش کە پێیاندراوە سێ خوشکی بێ لانەبوون و ئەنجومەنی پارێزگا پشتگیری کردوون و ئەو خێزانەی دیکەش هەر کەمدەرامەت بوون.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەرونکردنەوەیەکدا دەشڵێت ئەو دو خێزانە هەمان رێنماییە کارپێکراوەکان دەیانگرێتەوە، ئەم رێکارەش کە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوە جێبەجێکراوە، کە دەسەڵاتەکەی پاڵپشتە بە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2012) و یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2011) یاسای یەکەمی هەموارکردنی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی (2008)ت یاسای دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان-عێراق .

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕاشیگەیاندوە لەئێستادا نۆ یەکە لە شوقەکانی کەندەکەوە داگیرکراوە کە کاتی خۆی دراوە بە ژمارەیەک هاوڵاتی کە خانویان هەبوەو شایستە نەبون، بەڵام دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، بەڵام تائێستا چۆڵیان نەکردوە .
بەڵگەکان