پۆلیسی كۆیە ڕوونكردنەوە لەبارەی تەقەكردن لە سەرتاشخانەیەک دەدات

20/01/2021
فۆتۆ: 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقە لە دوكانێكی سەرتاشین دەكرێت و دەنگۆی ئەوەش بڵاوكرایەوە كە بەهۆی سەرەی سەرتاشی بووە، بەڵام پۆلیس رەتیدەكاتەوە هۆكارەكەی زانرابێت.


عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، "كاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ  20ی 1ی 2021 دەستڕێژی گولە لە دوكانێكی سەرتاشی دەكرێت كە دەكەوێتە ناو بازاڕی كۆیەوە، كەسی تەقەكەر نزیكەی 17 گولەی بە دوكانەكەوە ناوە". 

بەهۆی ئەوەی دوكانەكە داخراوبووە لەو كاتەدا، تەنها زیانی ماددی بەركەوتووە و بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە دەڵێت، "لەهەوڵدان بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسەی كە دەستڕێژی گولەكەی كردووە". 

هەرچەندە دەنگۆی ئەوە بڵاوببووەوە كە ئەو كەسەی تەقەی لە دوكانەكە كردووە، بە هۆی سەرەگرتنی سەرتاشین بووە، بەڵام عەلی عەبدوڵا، بەرێوەبەری پۆلیس ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەش دورن لە ڕاستیەوە كە باس لەوەدەكرێت لەسەرسەرەگرتن بۆ سەرتاشی تەقەكەرەكە دەسڕێژی گولەی كردبێت". 

ئەوەشی ئاشكراكرد کە، ''لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەستیپێكردوە و تائێستا خاوەنی سەرتاشخانەكە سكاڵای لەسەر كەس تۆمار نەكردووە".