ڕۆحانی: سەردەمی ملهوڕێک لە ئەمریکا کۆتایی هات

20/01/2021
فۆتۆ: 

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکای هاندا، بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ و سزا سەپێنراوەکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگرێت.

ڕۆحانی خۆشحاڵی خۆی دەبڕی بە کۆتایی هاتنی سەردەمی ترەمپ و لەوبارەیەوە وتی "ئەمڕۆ کۆتایی دێت بە سەردەمی ملهوڕێک، ئەمڕۆ دوا ڕۆژی سەردەمێکی شومە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێک بوو لە ماوەی ٤ ساڵی دەسەڵاتەکانی جگە لە زوڵم و گەندەڵی و هۆکار بۆ چەندین کێشە بۆ گەلەکەی و جیهان، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە".

ڕۆحانی لەمیانی کۆبوونەوەی حکومەتەکەی کە ڕاستوخۆ تەلەفزیۆنی ئیران وتەکانی گواستەوە ڕایگەیاند، تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە، ئەگەر بێتوو ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥، ئەوا ڕێز لە پابەندبوونەکانیان دەگرن بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە.

ئەو وتانەی ڕۆحانی لە کاتێکدایە، جۆ بایدن کە ئەمرۆ لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت، پیشتر ڕایگەیاندبوو دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، کە کۆت وبەندی داناوە بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر بێتوو تاران پابەند ببێت پێوەی.

ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن گەیشتەن لوتکەی، کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاک لایەنە کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ ڕاگەیاند.