شیعرەکانی شاعیری کورد دڵشاد عەبدوڵڵا دەکرێنە فارسی

20/01/2021
فۆتۆ: 

مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕی شیعرەکان: وەرگێڕانی شیعری شاعیرانی کورد بۆ زمانی فارسی پڕۆژەیەکی درێژخایەنە.

کۆتایی ئەم مانگه هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی شاعیری کورد(دڵشاد عەبدوڵا) بە زمانی فارسی لە کتێبێکدا بڵاودەبێتەوە، شیعرەکان بە وەرگێڕانی (مەریوان هەڵەبجەیی) و لەلایەن ناوەندی (مانیاهونەر) لە شاری تاران چاپ و پەخش دەکرێت، کە ناوەندێکی بەناوبانگی ئێرانە و پێشتر بەرهەمی شاعیرانی جیهانی وەک جیمیس جۆیس، لۆرمانتۆف، بۆکۆڤسکی، گیکزبێرگ، یانیس ڕیتسوسی بڵاوکردوەتەوە.

سەبارەت بە کتێبەکە و پڕۆژەیەکی لە بواری وەرگێڕاندا تایبەت بە ژیان (مەریوان هەڵەنجەیی) وەرگێڕی کورد وتی: وەرگێڕانی شیعری شاعیرانی کورد بۆ زمانی فارسی پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و لە مێژە دەستم پێکردووە، لە ڕابردووشدا شیعری شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس، ڕەفیق سابیر، فەرهاد پیرباڵ، بەختیار عەلی، کەژاڵ ئەحمەد و چۆمان هەردی لە میانی هەمان پڕۆژەدا کراونەتە فارسی و بڵاوبوونەتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیشیدا ئەو وەرگێڕە وتی: ئەم پڕۆژەیە لە داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت و شاعیرانی دیکە لە نەوە و قۆناغ و شێوازی جیاواز لە خۆی دەگرێت، کە نامەوێت جارێ ناوەکانیان بڵێم.

شایەنی ئاماژەیە مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕێکی دیاری بواری ئەدەبە، لە زمانی فارسی بۆ کوردی و بە پێچەوەنەشەوە، کارەکانی لە چەندین ژانری جیاوازدا بەشێوەی کتێب و هۆکارەکانی دیکەی وەشاندن چاپ و بڵاوکراونەتەوە.