گرێبەست

20/01/2021
فۆتۆ: 

داستان بەرزان

تیۆتایەکی شڕ لە کۆڵانەکەدا ھاوار دەکات:
ماڵێک ژیانی شکاوی ھەبێت
ماڵێک مرۆڤی تەلەفی ھەبێت
ماڵێک خەونی سوتاو
شیعری نەکوڵاوی ھەبێت
بۆی فڕێبدەین!

من گرێبەستم لەگەڵ ژیانی خۆمدا ھەیە
کە ھەرگیز باش نەبم
منداڵیم تاریک
ھەرزەکارییم تۆقین
گەنجیم پوشی دەم –با-
ئێستام کە نزیکە دەبمە چل ساڵ
بریا چل قوتوی بە تاڵی پیپسی دەبووم
کە لە ناو زبڵدانێک پیاوێکی پیر ھەڵیان دەگرێتەوە 
بۆ ئەوەی بە پارەی فرۆشتنەوەیان 
چەند نانێکی بۆ خۆی و ژنە نەخۆشەکەی پێبکرێت.

دەزانم تۆ گاڵتەت بە قسەکانم دێت
چونکە تۆ بێ ویستی خۆت 
بەشێکی لە ژیانێک کە مرۆڤ دەکاتە ئاژەڵێکی بێ بەزەیی
بەڵام من لە جیاتی تۆش خەمی ژیانمە
ژیانێک کە خەریکە دەبێتە ھی ئەو کەسانەی کە بەرگرییان بەھێزە
ئەوانەی خواردنی باشیان خواردووە و دەخۆن
ئەی من چیبکەم کە منداڵێک بووم بێ لەتێک نان
ئەی ئەو پیاوە پیرە چیبکات 
کە لە ناو زبڵدانێکدا خەریکی کۆکردنەوی قوتوی بەتاڵی پیپسییە
بۆ ئەوەی بە پارەی فرۆشتنەوەیان 
چەند نانێکی بۆ خۆی و ژنە نەخۆشەکەی پێبکرێت؟

من گرێبەستم لەگەڵ تۆش ھەیە
کە نەھێڵم خۆت ببینیت چ مەیمونێکی ڕەنگینیت
بە دەست سیستمێکەوە کە تەنیا بێئەخلاقەکان ئیشیان تێیدا دەڕوات.
.
دەزانم تۆ بڕوا بە قسەکانم ناکەیت
کێشە نییە 
من لە جیاتی تۆش ئازار لە مووی سەری ئەو کچانە دەچێژم
کە شێرپەنجە وەکو سەگی ھار 
کەوتۆتە گیانیان و 
خانە خانەی وجودیان قووت دەدات.

دەزانم تۆ ئەم قسانەی منت بۆ گرنگ نییە
ئاساییە
من لە جیاتی تۆش خۆزگە دەخوازم خەروارێک خرۆکەی سور دەبووم
بۆ ناو خوێنی منداڵانی تالاسیمان.

من بۆیە ئیشم کەوتە نووسینی شیعر 
چەکی دیکەم نەبوو لە بەرامبەر ژیانی ناڕێکمدا.

دەزانم تۆ بە ژیانەکەی قایلیت
دەمامکێک لە دەمت و 
دەستکێشێک لە دەستت
ڕۆژانە زۆر خۆت دەشۆیت و
جارجارەش پاککەرەوەک کە لە سەدا ٧٠ زیاتری کھول بێت
لە ناو لەپت دەسویت و
مەترێک زیاتریش لە نێوان خۆت و خەڵکیدا دەھێڵیتەوە و
ھەر کات ھەستت بە نیشانەکانی پەتاکە کرد 
تێل دەکەیت بۆ بنکەیەکی تەندروستی.
چونکە تۆ بڕیارت داوە بە ژیانەکەی قایل بیت
بڕیارت داوە لە بیر خۆتی ببەیتەوە ڕۆژگارێک وەھا نەبوویت
نیوەی دەموچاو 
لەتێکی خۆت
دەستێکی شین یان سپی یان ڕەش
دەستی خۆت پێستی خۆت بوو
ئەو ھەمووە خۆتت نەدەشت 
خۆشتن بە پێی پێویست
ئەو ھەمووە کارت بە پاککەرە نەبوو
پاککەرەوەی ڕووکەش
ئەو ھەمووە لە خەڵکی دوور نەبوویت
دۆستەکانت دەبێت لێت نزیک بن.

ئەم ژیانەی ئێستا ژیان نییە
ئەم تۆیەی ئێستا خۆت نیت
بەڵام تۆ بڕیارتداوە قایل بیت.

لە خوارەوەی ئەم گرێبەستەی من و ژیاندا نووسراوە:
ژیانی فرۆشراو وەرناگیرێتەوە
ھەڵەی خۆت لە ئەستۆی خۆت.

تیۆتایەکی شڕ لە کۆڵانەکەدا ھاوار دەکات:
ماڵێک ژیانی شکاوی ھەبێت
ماڵێک مرۆڤی تەلەفی ھەبێت
ماڵێک خەونی سوتاو
شیعری نەکوڵاوی ھەبێت
بۆی فڕێبدەین!