هیومان ڕایتس ۆوچ: هەرێم و بەغدا بە توندوتیژی وەڵامی خۆپیشاندانەکانیان داوەتەوە

20/01/2021
فۆتۆ: 

ڕێکخراوی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس ۆوچ) لە ڕاپۆرتێکدا وێنەیەکی تاریکی لە سەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی کوردستان و عێراق خستووەتە ڕوو، کە هێزە ئەمنییەکان بە توندووتیژی مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کردووە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا باس لەو وێنە تەڵخ کردووە لەسەر بارودۆخی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، جگە لە ستایشێک کە پەیوەندیی هەیە بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەویش هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدانە.

هیومان رایتس وۆچ ڕەخنە لە زۆربەی شتەکان گرتووە،ە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکانی مەدەنی جموجوڵە جەماوەری و خۆپیشاندانەکان، تا دەگاتە دەزگای دادوەریی و لە کۆتایشدا مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بە گشتی.

بۆ ئەو کەسانەی کە ئاگاداری بارودۆخی عێراقن، راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ مایەی شۆک بۆ ئەو کەسانەی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و پێدەچێت بۆ حکومەت و دامەزراوەکانیشی، چونکە هەرچییەک لە ڕاپۆرتەکەدا باسکراوە، ڕۆژانە لەسەر زاری هاوڵاتیانە، چونکە پێشتریش ڕێکخراوەکە راپۆرتی دیکەی لەو شێوەیە لەسەر دۆخی عێراق بڵاوکردووەتەوە، بێئەوەی هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئەو رێوشوێانە هەلانە دابنێت کە لە وڵاتەکەدا پەیڕەو دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە لەسەرەتادا باس لە دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردن و ڕفاندنەکان کردووە، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادگا لەلایەن دەزگا و هێزە ئەمنییەکانەوە لەدژی خۆیپیشاندەران پەیڕەو کراوە.

هاوکات رەخنە لە هەریەکە لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیش گرتووە، سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و ڕەخنەی ڕاستەوخۆی ئاراستەکردوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە جێگەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی گرتەوە، بە خراپی مامەڵەی کردووە لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و نەیتوانیوە سنورێک دابنێت بۆ ئەو پێشیلکاریانەی کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە.

دەربارەی هەرێمی کوردستانیش ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانیەوە دەیان کەسی دەستگیر کردووە، تەنها بە بیانووی ئەوەی پلانیان داناوە بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی تایبەت بە دواخستنی موچەکانیان، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لە خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسانی داوە و دەستگیریانکردوون.