جۆ بایدن سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە 46ەمین سەرۆکی ئەمریکا

20/01/2021
جۆ بایدن سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە 46ەمین سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیاکانی ئەمریکا
واشنتن

جۆ بایدن سوێندی یاسایی خوارد و وەک ٤٦ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەکاربوو.

رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن، پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، بەبێ بەشداریکردنی سەرۆکی پێش خۆی، دۆناڵد ترەمپ و بە ئامادەبوونی بەشێکى زۆر لە ئەندامانى کۆنگرێس، جێگرى سەرۆکى پێشووی ئەمریکا (مایک پێنس)، سێ سەرۆکى پێشووترى ویلایەتە یەکگرتووەکان، باراک ئۆباما، جۆرج دەبڵیو بۆش و بیل کلینتۆن بەڕێوەچوو.

پێش سوێندخواردنی جۆبایدن، کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد، کە یەکەم ژنە لە مێژووی ئەمریکا ئەو پۆستە وەردەگرێت.

سەرۆکى هەڵبژێردراو، جۆ بایدن لەسەر دەستى سەرۆکى دادگاى باڵا، حاکم جۆن رۆبەرتس سوێند یاسایی خوارد، هەروەها جێگرەکەشى، کامالا هاریس، لەسەر دەستى حاکم سۆنیا ستۆمایەر سوێندی خوارد.

دوابەدوای سوێندخواردنی، جۆبایدن وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئەم چرکە ساتە چرکە ساتی سەرکەوتنی دیموکراسییە و ئەمریکا هەرگیز شکست ناهێنێت، بۆیە دەبێت سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکەین".

وتیشی، "کاری زۆرمان لەپێشە کە پێویستە ئەنجامی بدەین و دەبێت، ڕوبەڕووی توندڕەوی سیاسی و کردەوە تیرۆریستییە ناوخۆییەکان ببینەوە".

بایدن راشیگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا ژیانی زۆریک لە هاوڵاتیانی لێەسەندین، لەئەمڕۆوە هەوڵدەدەین گەلەکەمان یەکبخەین و دادپەوەری کۆمەڵایەتی بچەسپێنین، بەیەکێتی و یەکڕیزی دەتوانین بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و توندڕەویدا سەربکەوین"

٤٦ەمین سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، "دەبێت هەموومان پێکەوە روبەڕووی ئەو بیرە ببینەوە کە باوەڕی بە سەرکەوتنی ڕەگەزی سپی و توندڕەوی هەیە و پێویستە کلتوری یاریپێکردن و هەڵخەڵاتاندن رەتبکەینەوە و دەبێت ئەمریکا باشتر لەوەی کە هەیە، بەرەوپێش ببەین".

ڕێورەسمی ده‌ستبه‌كاربوونی جۆ بایدن به‌ پابه‌ندبوون به‌ رێكاره‌كانی دووری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوە به‌ڕێوه‌چوو، بۆیه‌ ته‌نیا هه‌زار میوان له‌ مەراسیمەکەدا بەشداربوون.

لە ئاهەنگەکەدا لەیدى گاگا هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوداری ئەمریکا سرودى نیشتیمانى وڵاتەکەی پێشکەش کرد و هەریەکە لە جێنیفەر لۆپێز و گارث بروکس گۆرانیان پێشکەش کرد.

بەهۆی رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن، رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لە واشنتنی پایتەخت گیرایەبەر و ٢٥ هەزار ئەندامی گاردی نیشتیمانی لە نزیک کۆشکی کاپیتۆڵ جێگیرکران و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیش بۆ واشنتن دی سی تاوەکو دوای مەراسیمەکە هەڵپەسێردران.