جۆ بایدن: دەنگی گەل بیسترا و جێبەجێشکرا

20/01/2021
فۆتۆ: 

جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دەستدانان لەسەر ئینجیلی خێزانەکەی و سویندخواردنی، بووە ٤٦ هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەڵێنی دا سەرۆکی هەموو ئەمریکییەکان بێت و ڕاشیگەیاند دەنگی گەل بیسترا و جێبەجێ کرا.

دوای سوێندخواردن، بایدن داوای یەکێتی لە سەرجەم ئەمریکییەکان کرد و بەڵێنیدا شکست بەو بیروبۆچوونە بهێنیت کە بڕوای بە رەگەزی سپی  و تیرۆری ناوخۆیی هەیە.

سەرۆکی نوێی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم چرکە ساتە چرکە ساتی سەرکەوتنی دیموکراسییە و ئەمریکا هەرگیز شکست ناهێنێت، بۆیە پیویستە سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکەن.

هەر لە وتەکانیدا بایدن رایگەیاند "سوپاسی دۆناڵد ترەمپ دەکەم کە ئامادەی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوون نەبوو".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا جەختیکردەوە، کە کاریان زۆر لە پێشە و پێویستە ئەنجامی بدەن، دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە وڵاتەکەی زیانێکی گیانی زۆری بەرکەوتووە ڕایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا ژیانی زۆرێک لە خۆشەویستان وهاوڵاتیانی لێەسەندن، ئاماژەی بەوەشکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٤٠٠ هەزار ئەمریکی، بۆیە داواتان لێدەکەم با خولەکێک  بە بێدەنگی بۆ گیانی ئەو کەسانە بوەستین.

بایدن جارێکی تر جەختیکردەوە لەوەی، پێویستە ڕوبەڕووی ئەو توندڕەویە سیاسی و تیرۆریستییە ناوخۆییە ببینەوە، کە هاتووەتە ئاراوە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەمڕۆوە هەوڵ دەدەن گەلی ئەمریکا یەکبخەن و دادپەوەری کۆمەڵایەتی بچەسپێنیت، چونکە بەیەکێتی دەتوانن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و توندرەویدا سەربکەون

سەرۆکی نوێی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، کاردەکەن لەسەر بەدیهێنانی دادپەوروەری بۆ هەموان و پێویستە کلتوری یاریپێکردن و هەڵخەڵاتاندن رەتبکەنەوە و دەبێت ئەمریکا باشتر بێت لەوەی کە هەیە.

ڕونیشیکردەوە، بە یەکێتی و یەکگرتوویی دەتوانن ڕوبەڕوی دوژمنان ببنەوە و بەڵێنی ئەوەشی دا کە سەرۆکی هەموو ئەمریکییەکان بێت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جۆ بایدن بەڵێنیدا بەرگری لە دەستور و هەموو ئەمریکییەکان بکات و جەختیشیکردەوە، نەتەوەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەوەی ببێتە دروشمی دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا.

داوای سەردەمێکی نوێی لە ئەمریکییەکان کرد، لە دوای ماوەیەک لە ناکۆکی و دابەشبوونێکی قورس، پەیامیشی بۆ دەرەوەی ئەمریکا بایدن وتی "پەیامم بۆ دەرەوە دەگەڕێنەوە بۆ ڕابەرایەتی جیهان"،باسی لەوەشکرد، جیهان چاوی لەسەریانە کە چی دەکەن.

سەرۆکی نوێی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت ناکۆکی و جیاواوی ببێتە شەڕ و دژایەتی یەکتر، بەڵکو پێویستە هەموو لایەک ڕێز لە بەهاکانی یەکتری بگرن.

دوای ڕوڕەسمی سوێندخواردن پێشکەشکردنی وتارەکەی، بایدن بە ئامادەبوونی جێگرەکەی و سەرجەم سەرۆکانی پیشتری ئەمریکا، ئەوانەیان کە لە ژیاندا ماون، تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕستانی "ئارلینگتۆن"ی نیشتیمانی دادەنێن، کە بریتییە لە گۆڕی سەربازی نەناسراو.

دواتر بایدن بە هاوڕێیەتی ڕێوڕەسمێکی سەربازی بەرەو کۆشکی سپی بەڕێ دەکەوێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی دەست بە کارەکانی سەرۆکایەتی بکات.

.............