ئەمریكا گفتوگۆی گەڕانەوە بۆ رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەكات
وتەبێژی نوێی كۆشكی سپی رایگەیاند سەرۆكی نوێی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی وڵاتەكەی گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوە بۆ رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەكەن.
جین ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی، لەدەركەوتنیدا لە پۆستە نوێیەكەی رایگەیاند، بایدن لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا، گفتوگۆ لەبارەی رێكەوتننامەی ئەتۆمی ئێران دەكات.
وتەبێژەكەی كۆشكی سپی روونیكردەوە ئەگەر تاران پابەندی ریككەوتنە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015 بێت، واشنتنیش هەمان هەنگاو دەگرێتەبەر و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو رێكەوتنە.
ساكی وتیشی: ئەمریكا لە هەوڵدایە تا لە ڕێگای دیبلۆماسییەوە، سنوردار كردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران توندتر و درێژتر بكاتەوە و ئەو بابەتەش بەشێك لە گفتوگۆ سەرەتاییەكانی بایدن و هاوپەیمانەكانی دەبێت.
جۆ بایدن دوێنێ وەك 46ـمین سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەكاربوو، لەیەكەم كاریشیدا چەند بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی خەڵوەشاندەوە.
|