شەماڵ جەبار یاوەر: نزیكەی ملیۆن و نیوێك كەس لە هەرێم تووشی كۆرۆنا بووە

21/01/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، رایگەیاند، بەپێی ئەو داتایەی ئێمە هەمانە نزیكەی ملیۆن و نیوێك كەس لە هەرێمی كوردستان لەوانەیە تووشی كۆرۆنا بوو بێت و بەرگریان دروست كردبێت.

شەماڵ جەبار یاوەر، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: دۆخی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان لەئێستادا لەژێر كۆنترۆڵدایە، بڕوامان وایە كۆرۆنا لەماوەی ڕابردوودا بەشێكی زۆری خەڵك گرتوویەتی، ئێستاش بەهۆی ئەوەی لەزۆربەی وڵاتانی ناوچەكە بەشێوەیەك لەشێوەكان ئێمە دابڕاوین لەیەكتری بۆیە لەهەرێمی كوردستان بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات. 

ناوبراو باسی لەوەشكرد: ئێستا لەناو شاری سلێمانی 36 نەخۆش لەناو نەخۆشخانەكاندا ماون لە كۆی چوار نەخۆشخانە ئێستا تەنها نەخۆشخانەی ئاسا و جمهوری ماوە ئەگەرنا ژمارەی نەخۆشەكان كەمبۆتەوە.

روونیكردەوە لەهەولێر و دهۆك لەناو نەخۆشخانەكاندا هەندێك زیاتر لە سلێمانی نەخۆش هەیە بەڵام ڕێژەی تووشبوون لەچەند ڕوژی ڕابردوودا دڵخۆشكەرە وتیشی "ئەگەر ئێمە بتوانین كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا بهێڵینەوە، لەمانگی سێ-دا پێشبینی دەكەم بتوانیین نزیك بینەوە لەسفر بۆ تووشبوانی كۆرۆنا". 

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە وتیشی: لەمانگی سێی 2020 وتوومە پێشبینی دەكەم لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی 250 هەزار كەس هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابن، هەموو هەرێمی كوردستان بەداتای ئێستا نزیكین لە 5 ملیۆن كەس، لەو 5 ملیۆن كەسە بەپێی ئەو داتایەی ئێمە هەمانە نزیكەی ملیۆن و نیوێك لەوانەیە تووشی كۆرۆنا بوو بێت و بەرگرییان دروست كردبێت. 

شەماڵ وتیشی: ئەگەر شەپۆلی داهاتووش بڵاوبێتەوە، بەو قورسیەی مانگی  8 تا 12 بڵاونابێتەوە لەبەرئەوەی ئەوانەی كەتووشی كۆرۆنا بوون ئێستا بەرگرییان هەیە، ئەو كەسانەی بەرگرییان هەیە جارێكی تر كۆرۆنا بۆ یەكێكی تر ناگوازنەوە، واتە خێرایی بڵاوبوونەوەكەی هێواشتر دەبێت، من وەكو پێشبینی زانستی خۆم پێشبینی ناكەم جارێكی تر بەو قورسیەی جاری پێشوو كۆرۆنا بڵاوببێتەوە. 

بەرپرسەكەی توندروستی وتیشی: من وەك بۆچوونی كەسی خۆم نەك وەك پۆستە حكومیەكەم، لەئێستادا پێویستی بە داخستنی خوێندنگاكان نەماوە. ناكرێت پرۆسەی خوێندن ڕابگیرێت، بۆ زانیاری وڵاتێكی وەكو سوید هەتا ئێستا یەك چركە حكومەت پرۆسەی خوێندنی ڕانەگرتووە، بیروڕای من لەسەر ئەوەیە، من دەڵێم ناكرێت پرۆسەی خوێندن ڕاگرن بەڵام پرۆسەكانی تر كەلەچواردەوری ئەون ڕانەگیرێت .