لە یەکەم کاری وەرگێڕانیدا کتێبێکی گرنگ وەردەگێڕێت

21/01/2021
فۆتۆ: 

سەنگەر عەبدولکەریم: کاریگەری چیرۆکەکانی ئیسۆپ بە جۆرێک هاوشێوەی هەزار و یەک شەوەیە بۆ ئەدەبیات.

سازدانی: داستان

چیرۆکەکانی ئیسۆپ ۸۲ کورتە چیرۆکن و نووسینیان دەدرێتەپاڵ ئیسپۆپ. ( ٦۲٠ ــ ٥٦٤ پ.ز) کە چیرۆکنووسێکی یۆنانییە، کاراکتەری چیرۆکەکانی زۆرینەی ئاژەڵن. هەر یەکە لە چیرۆکەکانی هەڵگری وانەیەکی ڕەوشتین و لە کۆتایی چیرۆکەکاندا پەندێک هەیە. کە پەندەکان کاریگەرییان لەسەر پەند و ئیدۆمی گەلانی جیاجیا هەیە، لە ناویشیاندا کوردیش وەک گەلێکی زیندووی ئەم ناوچەیە .

سەنگەر عەبدولکەریم لە یەکەم هەوڵی وەرگێڕنی ئەدەبیدا، ئەم چیرۆکانەی کردووە بە کوردی، پێش ئەوەی چیرکەکان بڵاوببنەوە پێمان باش بوو لەم دەرفەتەی (تۆڕی هەواڵی ژیان)دا بە کورتی ئەو وەرگێڕە سەبارەت بەم کارەی بدوێنین :

ژیان: چۆن بوو بیرت لە وەرگێڕانی ئەم چیرۆکانە کردەوە؟

سەنگەر عەبدولکەریم: چیرۆکی میللی و پەریان و ئەفسانە بایەخێکی تایبەتی لای من هەیە؛ چیرۆکەکانی ئیسۆپیش لەو جۆرەیە کە وەک چیرۆکی میلی سەیر دەکرێت. چەند ساڵ لەمەوبەر خوێندمەوە، چەند چیرۆکێکم کردە کوردی و وازم لێ هێنا، بەڵام دواتر کە گرنگییە مێژوویەکەیم بۆ دەرکەوت کاریگەریەکەی بەسەر کلتووری گەلاندا، تەواوی کتێبەکەم کردە کوردی .

ژیان: بۆچی دەگوترێت نووسینی ئەم چیرۆکانە دەدرێتە پاڵ ئیسۆپ؟ ئایا گومانەکان لەسەر نوسەری ئەم کتێبە چیین؟

سەنگەر عەبدولکەریم: لەبەرئەوەی ئیسۆپ وەک زۆرێک لە نووسەر و فەیلەسوفانی کۆن، ئەگەر نووسینێکی هەبووبێت فەوتاوە و بە ئێمە نەگەیشتووە.ئەوەی دەیزانین دەربارەی بەهۆی نووسینەکانی  هیرۆدۆت و ئەرستۆ و پلوتارکەوە. هەر بۆیە گومان هەیە ئەم چیرۆکانە هی ئیسۆپ بن، دەشێت گێڕانەوەی زارەکی یان گێڕانەوەی چەندین نووسەری جیاوازبن و دواتر کۆکرابنەوە درابنە پاڵ ئیسۆپ؛ هەر وەک چۆن هەمان گومان دەربارەی " ئیلیاد و ئۆدیسە"ی هۆمیرۆسیش هەیە .

ژیان: کاریگەریی ئەم بەرهەمانە لەسەر ئەدەب و ڕۆشنبیریی جیهان چین؟

سەنگەر عەبدولکەریم: کاریگەری چیرۆکەکانی ئیسۆپ بە جۆرێک هاوشێوەی هەزار و یەک شەوەیە بۆ ئەدەبیات، دەکرێت بڵێین بناغەی گێڕانەوەی مۆدێرنە، چەندین ڕۆمان و چیرۆکی لێ وەرگیراوە و بە شێوازی جیاواز گێڕدراونەتەوە. هەروەها کاریگەری لەسەر میوزیک و سینەماش هەیە، بەوەی چەندین کاری سینەمایی و میوزیکی ئیلهامیان لە چیرۆکەکان وەرگرتووە. کاریگەرە کلتووریەکەی زۆر گەورەترە، زۆرێک لە تێما و وانە ڕەوشتیەکانی چیرۆکەکان بوونەتە پەند و ئیدیەمی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی، بە جۆرێک هەموو ئەو میلەتانەی پێی کاریگەر بوون بەکاریان دەهێنن. هەموومان پێشبڕکێی کەروێشکی لەخۆبایی و کیسەڵمان بیستووە، یان ئەوەی ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە ترێ دەیگوت ترشە، یان شوانە درۆزنەکە و گورگ لە پێستی مەڕدا. ئەمانە نە جۆرێک تێکەكی کلتووری ئێمە بووە کە پێمان وایە چیرۆکی فۆلکلۆری کوردین .

ژیان: کتێبەکە کەی و کوێ بڵاوی دەکاتەوە؟

سەنگەر عەبدولکەریم: ڕێکەوتێکی دیاریکراو نییە بۆ بڵاوبوونەوەی، بەڵام ڕەنگە لەم یەک دوو مانگەی داهاتوودا بڵاوبێتەوە. کتێبخانەی ڕۆمان چاپ و بڵاوی دەکاتەوە .

ژیان: پڕۆژەی داهاتووت لە بواری وەرگێڕاندا چییە؟

سەنگەر عەبدولکەریملە ئێستادا خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانی " ئەگەر لە شەوێکی زستاندا گەشتیارێک"ی ئیتالۆ کاڵڤینۆم، لەگەڵ کورتە ڕۆمانی "سروود" کە ئەندێشەی زانستیە و نووسەری ڕووسی ـ ئەمریکی ئاین ڕاند نووسیویەتی .