بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك 43 كۆچبەر گیانیان لەدەستدا

21/01/2021
بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك ٤٣ كۆچبەر گیانیان لەدەستدا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
جیهانی

ئاژانسی کۆچبەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك لە كەناراوەكانی لیبیا، ٤٣ كۆچبەری نایاسایی گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی کۆچبەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەلەمێکی هەڵگری كۆچبەران، لەنزیك كەناراوەكانی لیبیا ژێرئاوكەوتووە و لە ئاکامدا ٤٣ كەس گیانیان لە دەستداوە و ١٠ كۆچبەری تریش ڕزگار كراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەلەمەكە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە شاری زاویە لە خۆرئاوای تەرابلوس بەرەو سنوورەكانی ئیتاڵیا بەڕێكەوتووە و بەهۆی خراپی كەشوهەوا، بزوێنەرەكەی لەكاركەوتووە.

پێشتر ئاژانسی کۆچبەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاویکردبووەوە کە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ كۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.