ئەمریكا ئیدانەی تەقینەوەكانی ئەمڕۆی بەغدا دەکات

21/01/2021
فۆتۆ: 
بەغدا

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئیدانەی تەقینەوەكانی ئەمڕۆی بەغدا دەکات و هێرشەكە بە كارێكی ترسنۆكانە و قێزەون وەسفدەکات.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە خۆكوژییە دەكات كە ئەمڕۆ مەیدانی تەیرانی پایتەختی كردە ئامانج و بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی سڤیل و بێتاوان بوونە قوربانی.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هێرشەكە بە كارێكی ترسنۆكانە و قێزەون باس دەكات و جەختیشی لەسەر مەترسییەكانی تیرۆر كردووەتەوە كە بە ملیۆنان کەس  لەهاوڵاتیانی عێراق رووبەڕووی بوونەتەوە.

هاوكات پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی قوربانیانی تەقینەوەكان کردووە و هیوای چاكبوونەوەی بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازێت.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی١ی٢٠٢١، دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە بازاڕێکی قەرەباڵغی میلی، نزیک گۆڕەپانی تەیەرانی بەغدا روویاندا و لە ئاکامدا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.