بنەماڵەی ئەو كچ و كوڕەی لە سیتەك غاز لێیدان روونكردنەوەیەك بڵاودەكەنەوە

22/01/2021
فۆتۆ: 

كەسوكاری ئەو كچ و كوڕەی لە ناو باخێكدا لە سیتەك غاز لێیدان و بەهۆیەوە كوڕەكە گیانی لەدەستدا روونكردنەوەیەك بڵاو دەكەنەوە و دەڵێن بە ئاگاداری هەردوو بنەماڵەكە وەك دەستگیراندار چونەتە ئەو باخەوە.


دوای ئەوەی 20ی ئەم مانگە لەناوچەی سیتەكی شاری سلێمانی بەهۆی "غازی زۆپا"ەوە كوڕێكی تەمەن 27 ساڵ گیانی لەدەستدا و كچێكیش كە لەگەڵیدا بووە لەئەنجامی كاریگەری غازەكە باری تەندروستی ناجێگیرە، بنەماڵەكیان روونكردنەوەیەك بڵاو دەكەنەوە. 

بنەماڵەی ئەو كچ و كوڕە دەڵێن "ژیار لەگەڵ ئەو خانمەدا دەستگیراندار بوون و بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری سەردانی ئەو شوێنەیان كردوە".

لەو روونكردنەوەدا ئاماژە بەوەكراوە "بەداخەوە كۆستی كاكە ژیار كەوتە بەر شاڵاوی سۆشیالمیدیا و میدیا نابەرپرسەكان بۆ كۆكردنەوەی ( ڤییوو لایك و كۆمێنت ) هەر لەسەرەتای كۆستەكەوە بە گەرمی كەوتنە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناراست لەسەر روداوی گیان لەدەستدانی كاكە ژیار". 

ئەو گەنجە ناوی ژیار بەرزان عەلی، پیشەی پارێزەربووە، كچەكەش لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شارە و لەژێر چاودێری پزیشكیدایە خێزانەكەی دەڵێن بڕیاری خێزان دروستكردنی "ئێمە وەك كەسە نزیكەكان و خانەوادەی كاكە ژیار و خانەوادەی خانمە بەرێزەكە لێی ئاگاداربووین و  لە چەندین ئاڵوگۆری باسوخواستی هاوسەرگیریان راوێژمان گۆڕیوەتەوە لەگەڵیان".

ئەوەشیان ئاشكراكردووە "دیداری چوارشەممەی ماڵئاوایش بەئاگاداری هەردوو بنەماڵەبووە و دیداری دوو كەسی دەستگیرانداربووە هەر بۆ قسەكردن بووە لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری و ئایندەی ژیانی پێكەوەییان كە مخابن ژەهری (گاز) هەناسەی هەردووكیان دەخاتە مەترسییەوە و سەرەنجام ژیانی كاكە ژیارمان دەبات و نایدتەوە پێمان".

باسین لەوەشكردووە خانەوادەی ئەو كچەش كە لەگەڵ كوڕكەدا بووە لە پرسەكەیدا بەشداربوون و هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە "وەك پرسەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵكردووە و بەئاشكرا ئەوانیش دەڵێن "ئەوەی سۆشیالمیدیا بێرەحمانە بەكاكە ژیاری كرد كۆستی هەردوولای گەورەتر كرد".