بۆ بەهێزکردنی ئەمنیەتی ناوچەی سەوز ئەمریکا 20 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بەعێراق کرد

23/01/2021
فۆتۆ: 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاشکرایکرد، بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق تەرخانکردووە، بە مەبەستی پاراستنی ناوەی سەوزی بەغدا، کە بە (ناوچەی نێودەوڵەتی) ناسراوە.

لە بەیاننامەیەکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، کۆمەکە کۆمەککردنی تیمە ئەندازیاری و مەدەنییەکان دەگرێتەوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواچوون، سەبارەت بەو خاڵانەی کە بە دەروازەی ئێستای ناوچەی سەوزی بەغداد دادەنرێت، لەگەڵ دانانی پلان بۆ دەروازەی نوێ لە ناوچەکەدا.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا (جۆن تایکەرت) گەورە لێپرسراوی کاروباری بەرگری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بە ڕووماڵی ناوچەی سەوز پێشکەش بە (حامید زوهێر مەهدی) فەرماندەی فیرقەی تایبەت کردووە، کە بەرپرسە لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەغدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە،ئ و ڕادەستکردنی پلان و راپۆرتە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ جەختکردنەوە لە پرۆژەی هاوکاری نێوان هەردوولا، بە مەبەستی بەهێزکردنی لایەنی ئەمنی لە ناوچەی سەوز و بارەگای سەرەکی حکومەتی عێراق، کە دەکەوێتە ناوچەکەوە.

پێشکەشکردنی ئەو کۆمەکە بە حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، دوای بێدەنگبوونێکی کاتی ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی تر بە کاتیۆشا هێرشکرایەوە سەر ناوچەی سەوزی  بەغدا، ئەوەش نیگەرانی بۆ ئەمریکا و حکومەتی عێراقیش دروستکردووە.