دژی دەستگیرکردنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

23/01/2021
دژی دەستگیرکردنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو
فۆتۆ: 
مۆسکۆ

دژی دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا و رەخنەگرە سەرسەختەکەی ڤلادمیر پوتین، خۆپیشاندانی بەرفراوان لەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤاڵنی، ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی١ی٢٠٢١، بەهەزاران کەس لە مۆسکۆی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی روسیا، ڕژاونەتەسەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەندێک شوێن ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی روسیا دروستبووە، بەهۆی ئەوەی کە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان هەوڵیانداوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر لە مۆسکۆ و شارەکانی دیکەی روسیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویشیکردەوە، ئەم خۆپیشاندانە لەکاتێکدا بەڕێوەچووە کە ئەمڕۆ پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی روسیا لەژێر سفری سیلیزییەوە بووە و پێشتریش پۆلیسی روسیا هۆشداریداوە لە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە خۆپیشاندانێک دژی دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤاڵنی و رایگەیاندووە، بەتوندی روبەڕووی هەر کەسێک دەبنەوە کە داوای ئازادکردنی ناڤاڵنی بکات.

ئەلێکسی ناڤاڵنی کە بە رەخنەگرە سەرسەختەکەی ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا ناسراوە، ١٧ی ئەم مانگە، پاش گەڕانەوەی لە وڵاتەی ئەڵمانیا، لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ دەستگیرکرا.

ئەلێکسی ناڤاڵنی تەمەن ٤٤ ساڵ، هاوینی ساڵی رابردوو، ژەهرخوراوکرا و به‌وهۆیه‌وه‌ چووە کۆماوە و گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئۆمسكی روسی، دواتر روسیای بەره‌و ئه‌ڵمانیا جێهێشت.

ناڤاڵنی کە لە نەخۆشخانەی چاریتەی بەرلین لە ئەڵمانیا چارەسەری وەردەگرت، پێشتر ئاماژەی بەوەکردبوو کە پوتین، خۆی دەستی هەبووە لە ژەهرخواردکردنیدا و باسی لەوەش کردبوو کارەکە بە فەرمانی پوتین ئەنجامدراوە .

هەر شەوی رابردووش، ئەلێکسی ناڤاڵنی لە زیندانەوە پەیامێکی بۆ لایەنگرانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە بارودۆخێکی دەروونی زۆر باشدایە و هەموو خەڵک و لایەنگرانی بزانن کە هەر چییەکی بەسەرهات، بەهیچ شێوەیەک ئەو نیازی خۆکوشتنی نەبووە.