ئەیاد عەلاوی: ئەمریکا و ئێران ئیرادەی گەلی عێراقیان لەباربرد

23/01/2021
فۆتۆ: 

ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق، پەیامێکی ئاراستەی جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا و ئێران تەوافوقیان کرد لەسەر لەباربردنی ئیرادەی گەلی عێراق لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا.

ئەیاد عەلاوی حجگە لە پیرۆزبایی لە بایدن و پارتەکەی بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، هیوای خواستووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتێکی ئاشکرا بگرێتە بەر، بۆ پشیتوانیکردن لە ئاسایش و میانەڕەوی لە جیهاندا و چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ململانێ هەرێمایەتییەکان، لەپێناو بەهێزکردن و چەسپاندنی ئارامی و ئاشتی لە جیهاندا.

عەلاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە سەرەتای داگیرکردنی عێراق و بەهۆی دەرکردنی چەندین یاسای بە ئازار و ناڕوونی لە سیاسەتەکان، بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠وە دۆخەکە بەرەو لێژی زیاتر چوو، ئەویش دوای لەدەستدانی هەلی ئاڵتوونی کە هاتبووە پێشەوە بۆ چاکسازی.

ئەیاد عەلاوی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "بە داخەوە ئیدارەی ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتن و تەواوفوقیان کرد لەسەر لەباربردنی ئیرادەی گەلی عیراق و وەستانەوە لە دژی هێزە سەرکەوتووە نیشتیمانی و مەدەنییەکان، سەرەڕای هەوڵە تایبەتەکانی بەڕێزتان بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە، بەڵاک بابەتەکە هیچ بەرهەمێکی نەبوو، ئێستاش کە لەساڵی ٢٠٢١داین عێراق ناسنامە و ڕێگەی خۆی ونکردووە، بەشێوەیەک توندوتیژی و توندەرەوی بەهۆی داعش و کەشە تایەفییەکەو میلیشیا چەکدارە لە کۆنترۆڵدەرچووەکان تەشەنەی کردووە، ئێران و وڵاتانی دیکەش دەستوەردانیان کردووە لە عێراق، زۆربەی ئەو هێزە لە یاسا دەرچووانە نەک لە عێراق لە ناوچەیەکی بەربڵاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشت دەبەستێت بە تیرۆری سیاسی، وەک هۆکارێک بۆ کۆنترۆڵکردن و تۆقاندنی خەلک، ئەوە جگە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و نەبوونی حکومێکی دروست و پیگەیشتوو".

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی لەپەیامەکەیدا بۆ بایدن جەختیکردووەتەوە، دیموکراسییەت لە عێراق بەهیچ شێوەیەک ڕزگاری نابێت لە کۆنترۆڵی میلیشیا نایاسییەکان و گروپە چەکدارەکان، کە کۆنترۆڵی سندوقەکانی دەنگدانیان کردووە و خۆپیشاندانەکانیان بە هێزی چەک و توندوتیژی سەرکوتکردووە.

 لە کۆتای نامەکەیدا عەلاوی بۆ بایدن نووسیویەتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندبوون و بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی و سیاسی هەیە بۆ پشتوانیکردن لە عێراق، بە هەمان شێوە هاوکاریکردنی ناوچەکە بۆ بەدیهینانی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی".