ماوەی سێ ڕۆژە تورکیا سنورەکانی ئامێدی بۆردومان دەکات

23/01/2021
ماوەی سێ ڕۆژە تورکیا سنورەکانی ئامێدی بۆردومان دەکات
فۆتۆ: فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دهۆک

ماوەی سێ ڕۆژە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنورەکانی قەزای ئامیدی لە پارێزگای دهۆک بۆردومان دەکەن و هێرشەکەش بووەتەهۆی برینداربوونی سێ هاوڵاتی و زیانی ماددی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی١ی٢٠٢١، جارێکی تر فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی گەلی بێشیلێ و چیای مەتین-یان لە سنوری قەزای ئامێدی کردووە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە  ڕەز و باخی هاوڵاتیان سووتاوە و زیانی پێگەیشتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێش بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە ناحیەی چەمانکێ، سێ هاوڵاتی ناوچەکە برینداربوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆتۆمبێلێک کرایەئامانج کە گوماندەکرێت، هی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بێت.

هەر لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، شەڕێکی سەخت لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە سنورەکانی قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، ڕوویداوە و چەند شوێنێکیش بۆردومانکراون.