ئەمڕۆ ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا 100 ملیۆن كەس تێپەڕدەكات

24/01/2021
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهان 100 ملیۆن كەس تێپەڕ دەكات و زیاتر لە دوو ملیۆن و 130 هەزار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ 24ی كانونی دووەمی 2021 دوای ساڵێك لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیەكە 100 ملیۆن كەس تێپەڕ دەكات و تا ئێستاش ئەگەرچی ڤاكسین دۆزراوەتەوە بەڵام نەخۆشیەكە زیاتر پەرەی سەندووە. 

 لە ئێستادا كۆی ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشیەكەوە گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 130 هەزار و 105 كەس، ئەوە جگە لەوەی تا ئێستا 71 ملیۆن و 371 هەزار و 105 تووشبوو چاكبوونەتەوە. 

لە ئێستادا 110 هەزار و 651 تووشبوو دۆخیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان، ڤایرۆسەكەش لە 214 وڵات و هەرێمی فەرمی جیهاندا بڵاوووەتەوە كە زۆرترین ژمارەی تووشبووان لە وڵاتی ئەمریكایە و دوای ئەویش هەریەكە لە هیندستان و بەرازیل دێت. 

عێراق 27هەمین وڵاتی جیهانە لە رووی زۆری ژمارەی تووشبووانەوە كە 612 هەزار و 870 تووشبووی هەیە و لە نێویاندا زیاتر لە 105 هەزاریان لە هەرێمی كوردستاندایە.