بەهۆی شكاندنی قاسەیەك كارگوزارێك دەستگیركرا

24/01/2021
فۆتۆ: 

كارگوزارێك قاسەی ماڵێكی شكاندووە بڕێك پارەی لێ دزیوە و پۆلیس دوای لێكۆڵینەوە دەستگیری كردووە.

هۆگر عزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر  بە(تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی عەنكاوە، دوای ئەوەی لە حاڵەتێكی شكاندنی قاسە و دزینی پارە لە گوندی لوبنانی ئاگادار كرانەوە چوونتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان كردووە. 

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند: هێزەكانیان پاش بەدەستهێنانی زانیاری، توانییان تۆمەتبارێك بە ناوی (ا.ع.ا) بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە قۆڵبەست بكەن.

ئەو روونیشیكردەوە، تۆمەتبارەكە  كارگوزار بووە لە ماڵێك، دانی نا بە تاوانەكەیدا، كە دوای كاتژمێر 12ی شەو، قاسەی ماڵەكەی شكاندووە و بڕی (ملیۆنێك و 500 هەزار دینار) و (1000 دۆلار)ی ئەمەریكی دزیوە. پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رێكخرا و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.