وەزارەتی دارایی: داهات و خەرجی فرۆشتنی نەوت دەخرێتە ناو بودجەوە

24/01/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند ئەمڕۆ یەکەم کۆبونەوەی داڕشتنی بودجەی 2021 یان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەنجامداوە.

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت" بۆ ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجە کۆبونەوە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان دەکرێت".

ڕاشیگەیاندوە بۆ یەکەمجار داهات و خەرجی و (شایستە داراییەکانی كۆمپانیاكانی نەوت، خەرجی دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت)ی وەزارەتی سامانەسروشتییەكان دەخرێتە ناو پرۆژە یاسایی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021.

ئاماژەی بەوەشکردوە بودجەی ئەمساڵ بودجەیەکی گشتگیردەبێت و سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و داهات و خەرجی و قەرزە گشتییەکان و کورتهێنان لە خۆدەگرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوای حەوت ساڵ لە نەبونی بودجە بڕیاریدا بۆ ئەمساڵ بودجەی کوردستان ئامادەبکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت.